پێنتاگۆن ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریە بارهەڵگرێکی خومپارەهاوێژ، تانکێک و هێندیک خۆمپارەیان لەنێو بردووە.
ژێنراڵ پێت ڕایدر وتەبێژی پێنتاگۆن، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز ڕایگەیاند، ئەم چەکانە مەترسییەکی ڕوون و خێرا دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوون.
ناوبراو ڕایگەیاند: لە ئێستادا خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتەین کە کێ ئەو چەکانەی بەکار هێناوە، بەڵام پێویستە گرینگی بەو ڕاستییە بدەن کە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەم بوارەدا چالاکن و لە ڕابردووشدا هێرشیان ئەنجام داوە.
ئەرتەشی ئەمریکا نزیکەی ٩٠٠ سەرباز لە سووریە و ٢ هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە، کە بەشێکن لە هاوپەیمانیی سەربازیی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ٢٠١٤ دژی گرووپی داعش پێک هێنرا.
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە کەرتی غەززە کە دوای هێرشی گرووپی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەر دەستی پێکرد، گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران چەندین جار هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق و سووریە کردووەتە ئامانج کە ئەمریکا چەندین جار وڵامی ئەو گرووپانەی داوەتەوە.
سووریە دوای چوار ساڵ ئارامیی ڕێژەیی، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانی نوێ و گرووپی تەحریر شام، شاری حەلەبیان کە لە دەست هێزەکانی سووریەدا بوو، گرتووەتە دەست خۆیان.