کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەهۆی کەمیی گازەوە کەوتووەتە ژێر گوشاری توندی ئابووری و سیاسییەوە

11:17 - 9 بەفرانبار 2724

لەگەڵ هاتنەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا، گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر ئێران زیاتر دەبن و نەبوونی گاز دەتوانێت گرژییەکانی نێوخۆیی چڕتر بکاتەوە و ڕێژیمی ئێران لەنێو گرووپە نیابەتییەکانی هێژموونی خۆی لەدەست بدات.

''فاکس نیووز" لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە کێشەی کەمیی گاز لە ئێران نووسیویەتی: شارەزایان پێیان وایە ئەم پرسە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخاندنی خراپترین ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆر لە جیهاندا.

لیزا دێفتری، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی "فۆرن دیسک" دەڵێت: نەبوونی گاز لە نێوخۆی ئێراندا زۆر بەرچاوە و لاوازیی ڕێژیم لە چەند بەرەی جیاوازدا نیشان دەدات. هەر لە شکستی حیزبوڵڵا و حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل تا گورزی قورس لە حوسییەکان لە یەمەن و ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە، شاهیدی داڕمانی بەردەوامی نفووزی ڕێژیمی ئێرانین.''

بە وتەی دێفتری دابەزینی بەهای ڕیاڵ و خراپ بەڕێوەبردنی بەربڵاوی سەرچاوە داراییەکان، سەرەڕای کەمبوونەوەی گەمارۆکان لە سەردەمی بایدێن، کە بووە هۆی زیادبوونی میلیاردها دۆلار لە داهاتی ئێران، کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش لەژێر گوشاری تونددایە. ناوبراو پێی وایە بە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی و دەستپێکردنەوەی گوشارە زۆرینەکان، ڕەنگە خەڵکی ئێران جگە لە گۆڕینی ڕێژیم هیچ بژاردەیەکی دیکە نەبینن.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، پچڕانی بەربڵاوی کارەبا و هەروەها کەمیی گاز کە بووەتە هۆی چڕبوونەوەی ناڕەزایەتی، پایەکانی ڕێژیمی هەژاندووە و تاران لە سەرهەڵدانی نائارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی نیگەرانە کە لە مێشکی بەرپرساندا تاکە ڕێگە بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵیان دەست بۆ توندوتیژی بەرن.