لە دوای گیرۆدەبوونی چوار کۆڵبەری کورد لە بەفر و بۆرانی بەرزاییەکانی حەوت تاش لە بانە، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "ئیدریس نادری" خەڵکی گوندی "قول ئەستەر" سەر بە شاری بانە بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا و دۆخی کۆڵبەرێکی دیکە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٣، ئیدریس نادری لەگەڵ سێ کۆڵبەری دیکە لە بەرزاییەکانی سنووری حەوت تاش لە سنووری بانە، گیرۆدەی بەفر و سەرما بوون کە لە ئاکامدا ئیدریس نادری گیانی لەدەست دا و دۆخی کۆڵبەرێکی دیکە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە لاوە لەلایەن خەڵک و هێزەکانی هێلال ئەحمەرەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کرا و بنەماڵەکەی لەم نەخۆشخانەیە تەرمەکەیان وەرگرتەوە.
لەلایەکی ترەوە یەکێک لەم کۆڵبەرە بریندارانە کە بە هۆی سەرمابردووییەوە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە لەژێر چاوەدێریدایە، خەڵکی بانەیە کە شوناسی تاکوو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.