لە درێژەی داڕمانەکانی بەهای تمەن، نرخی دۆلار ٨٢ هەزار تمەنی تێپەڕاند و بۆ جارێکی دیکە لە دوو مانگی ڕابردوودا نرخێکی مێژوویی تۆمار کرد.
نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە بازاڕی ئازادی ئێران ٨٢ هەزار تمەنی تێپەڕ کرد و بەهای هەر سکەیەکی زێڕیش گەیشتە نرخی مێژوویی ٥٧ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن.
عەبدولناسر هێمەتی، وەزیری ئابووریی کۆماری ئیسلامی، لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە بەشێکی زۆر لە دراوی هەناردەکان ناگەڕێتەوە بۆ نێوخۆی وڵات.
هێمەتی هیچ باسێکی لەسەر هەناردە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی نەکردووە و کێشەکانی ناسەقامگیربوونی نرخی دۆلاری بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەرەوڕووبوونەوە ڕاستەوخۆکانی ئێران و ئیسرائیل و هەروەها نەگەڕاندنەوەی دراوی هەناردە نانەوتییەکان، گرێ داوەتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە سپای پاسداران دەستی بە سەر نیوەی نەوتی ئێراندا گرتووە و ٥٠ لە سەدی داهاتە نەوتییەکانی ئێران بۆ خۆی دەبات.
ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتەکەیدا زیادیشی کردبوو کە دەسەڵاتی سپای پاسداران
لە سەر بەشە ئابوورییەکانی ئێراندا بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی بە سەر نەوتدا، زیاتر پەرەی سەندووە.
لە سەرەتای دەسبەکاربوونی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییانەوە تاکوو ئێستا نرخی دۆلار ٣٥٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
دەوڵەت خوازیاری سڕینەوەی چوار سفر لە دراوی ئێرانە تاکوو پێش بە لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی تمەن بگرێت.
بە بڕوای کارناسانی ئابووری دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و شکستی میلیشیاکانی سەر بە تاران و لاوازبوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و هەروەها هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ و دوورەدیمەنی ڕەشی ئابووری ئێران، لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی مێژوویی نرخی دۆلارە.
جێی ئاماژەیە کە نرخی بەرزی هەڵاوسان و نەختینەیی زۆر یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی داڕمانی بەهای تمەنە.