هێرانا ڕایگەیاندووە زیاتر لە ٦٧ لەسەدی سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا پەیوەندیی بە بەهاییەکانەوە هەبووە.
ڕۆژی هەینی، ٧ی ڕێبەندان، ئەم میدیایە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند کە دوای بەهاییەکان نزیکەی ١٣ لەسەدی ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ سوننە مەزهەبەکان و زیاتر لە ٩ لەسەدی ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ مەسیحییەکان ئەنجام دراوە.
لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕاپرسیی ئازادیی ئایینیدا هاتووە کە لە ئێستادا هەزار بەهایی لە زیندان، دەسبەسەرکران لە ماڵەوە، چاوەڕوانی بڕیار یان بانگکردن بۆ دادگا، لە ژێر گوشاردان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان سەرکوتی بەهاییەکان ساڵێک دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بەرز بووەتەوە و بە وتەی چالاکانی بەهایی لە نێوخۆی ئێراندا هێشتا بەردەوامە.
لەو پێوەندییەدا کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ٢ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣دا بڵاو کرایەوە، سەبارەت بە دۆخی ژنانی بەهایی لە ئێران هۆشداری دا. لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە دوو لەسەر سێی هەموو زیندانییانی بەهایی لە ژنانی بەهایی پێکی دێن.
سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەشت بەیاننامە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەوانە پارلەمانی ئورووپا، کۆمیتەی سێیەمی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە سەرکوت و ئازاردانی سیستماتیکی بەهاییەکان لە ئێران بڵاو کراونەتەوە، ڕێژیمی ئێران بەبێ گوێدانە داواکارییە نێودەوڵەتییەکان لە چەوساندنەوە و سەرکوتی بەهاییەکان بەردەوامە.