بەپێی بڕیاری لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای نیزامیی پارێزگای ورمێ بۆ ئیدارەی تۆمارکردنی مڵک و بەڵگەنامەکانی شاری شنۆ؛ تاپۆی مڵکێک کە وەکوو بارمتەی دوو میلیاردی بۆ سدیق عەینی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو دیاری کرابوو، بە مەبەستی وەرگرتن و دەستبەسەرداگرتن بە قازانجی ڕێژیم لە نووسینگەکانی تایبەت بە زەوی و مڵکەکاندا، دانراوە بۆ فرۆش.
بەپێی دێکۆمێنتی ئەم بەڵگە دادوەرییە کە ڕێکەوتەکەی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣یە؛ ئەم حوکمە بەپێی بڕگەکانی ٥٣٧، ٥٤٠ و ٦٤٢ی یاسای دادڕەسیی کەیفەری پەسەندکراوی ساڵی ٩٢ و خاڵی ٢٢ی یاسای شێوەی جێبەجێکردنی سزا داراییەکانی پەسەندکراوی ساڵی ٩٤ دەرکراوە کە پاش فرۆشتنی مڵکەکە لەلایەن ئیدارەی تۆمارکردنی بەڵگە و مڵکەکانی شنۆ، دوو میلیارد پارە دەچێتە سەر حیسابی ڕێکخراوی دادوەریی هێزە چەکدارەکان.
تاکوو ئێستا ئەم تاپۆیە کە وەکوو بارمتە دانراوە لە نووسینگەکانی فرۆشتنی مڵک و ماڵدا بە مەبەستی فرۆشتن دانراوە.
پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانباری ١٤٠٢، بنەماڵەی عەینی بانگهێشتی دادگای نیزامی یەکی پارێزگای ورمێ کراون و پێیان ڕاگەیەندراوە کە بارمتە ٢ میلیارییەکەی کوڕەکەیان لێیان وەردەگیردرێت.
لەو کاتەدا دادگا ٤٥ ڕۆژ کاتی بەم بنەماڵەیە دابوو تاکوو بارمتەکە ڕادەست بکەن، ئەگینا بارمتەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠، سدیق عەینی، زیندانیی سیاسیی کورد بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی ئەردەبێڵ نێردرایە مورەخەسی و دواتر لە ئێران چووە دەرەوە.
ڕێبەندانی ١٣٩٦، ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە لقی یەکی دادگای نیزامی یەکی پارێزگای ورمێ بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ مەحکووم کرابوو، ئەم حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای رێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە و ناوبراو لە زیندانی ورمێوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ، دوور خرایەوە.
سدیق عەینی، کوڕی خەلیل و لەدایکبووی ١٣٧٥، خەڵکی گوندی "سینگان"ی شنۆیە.