کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی ٤٠ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی پیسبوونی کەش وهەوا لە ساڵی ١٤٠٢

17:31 - 9 بەفرانبار 2724

جێگری وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ٤٠ هەزار کەس لە ئێراندا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی پیسبوونی کەش وهەواوە گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی عەلیڕەزا ڕەئیسی، پیسبوونی کەشوهەوا ڕێژەی مردنی لە ئێراندا ١٢ لەسەد بەرز کردووەتەوە و بەم هۆیەوە ٤٠ هەزار کەس لە ساڵی ١٤٠٢دا گیانیان لەدەست داوە کە زۆرترین ڕێژە پێوەندیی بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ و مێشک و بەسترانی هەناسە و شێرپەنجە بووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وێڕای ئاماژە بە پشووەکان بە هۆی تێچووی پیسبوونی کەش وهەوا ڕایگەیاند کە پیسبوونی کەشوهەوا ساڵانە ١٢ میلیارد دۆلار تێچووی بۆ سەر تەندروستیی خەڵک هەیە.

جێگری وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم زیادی کرد کە لە ئەمساڵدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە هۆی کێشەی هەناسەدانەوە سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە ٢٢ لەسەد بەرز بووەتەوە.

هەروەها لە سەرماوەزی ڕابردوودا محەممەد سادق حەسەنوەند، بەرپرسی لێکۆڵینەوەکانی پیسبوونی کەش وهەوا لە زانکۆی زانستی پزیشکیی تاران ڕایگەیاند کە لە کۆی ساڵانەی ٤٥٠ هەزار مردن بە هۆکارگەلی جیاواز، ٥٠ هەزار حاڵەتی مردنەکان بە هۆی پیسبوونی کەش وهەوا بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئارمان سوورانی، پسپۆڕ و نەشتەرگەری مێشک هۆشداری دا کە لە ساڵانی داهاتوودا لەگەڵ شەپۆلێک لە گرێیەکانی مێشک بەڕەوڕوو دەبینەوە کە بە هۆی پیسبوونی کەش وهەواوە دروست بوون.