کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی داری سەر گڵکۆی شەهید سالار ئیبراهیمی لە ناوچەی کامێران

12:09 - 14 سەرماوەز 2724

دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵێکی قیزەوندا داری سەر گڵکۆی شەهید سالار ئیبراهیمی فەرماندەی فیداکار و قارەمانی حیزبی دێموکراتیان لە ناوچەی کامێران بڕیوەتەوە.

شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز، بەکرێگیراوان و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە کردەوەیەکی ناحەز و قیزەوندا و بۆ چەندەمین جار داری سەر گڵکۆی شەهید سالار ئیبراهیمییان‌ لە ناوچەی کامێران بڕیوە.

شەهید سالار ئیبراهیمی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی له گوندی گومه‌ته‌ی ناوچه‌ی كامێران له دایک بووه و ساڵی ١٣٥٨ پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بووە و ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی وەک جێگری فەرماندەری هێزی بێستوون دیاری کراوە.

ناوبراو لە ماوەی ٨ ساڵ پێشمەرگاتیدا دەیان عەمەلیاتی گەورە‌ و چووکەی فەرماندەهی کرد و لە ماوەی ژیانی پیشمەرگایەتیشیدا ٨ جار بریندار بوو.

ناوبراو لە هاوینی ساڵی ١٣٦٠ چاوێکی لەدەست دا، بەڵام کۆڵی نەدا و نەسرەوت‌ و بە ورەی زیاترەوە درێژەی بە خەبات دا.

شەهید سالار شەوی ٨ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، لە ئاوایی دەژن وێڕای پۆلێك پێشمەرگە کەوتە کەمینی هێزەکانی دوژمن و پاش شەڕێکی قارەمانانە، بەداخەوە کەوتە بەر دەسڕێژی گولـلەی بەکرێگیراوان ‌و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی گەلەوە.

زیاتر لە ٣٧ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ئەم فەرماندە بەوەجەی حیزبی دێموکراتدا تێدەپەرێ و لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیەوە هەوڵی تێکدانی گڵکۆی شەهید سالار دراوە.

ترسی ڕێژیم لە شەهیدانی کوردستان و بوونیان بە سەمبولی خۆراگری و بەرخودان لە کوردستان، وای کردووە کە ناوەناوە، هەوڵی تێکدانی گڵکۆی شەهیدانی کوردستان بدرێت.