کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بۆ هەڵمەتێکی نیزامیی بەربڵاوتر دژی حوسییەکان ئامادە دەبێت

10:35 - 10 بەفرانبار 2724

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە دوابەدوای هۆشدارییە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل دژی میلیشیاکانی حوسی لە یەمەن، ئەرتەشی ئیسرائیل خۆی بۆ ئەنجامدانی عەمەلیاتی بەربڵاوتر لە دژی ئەم گرووپە ئامادە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل، ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە کە دەوڵەتی بێنیامین نێتانیاهوو هاوکات کە هێرشی ئاسمانی زیاتر ئەنجام دەدات، خۆی بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نیزامیی فراوانتر لە دژی حوسییەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری زیاتر ئامادە دەکات.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە، لەکاتێکدا ئەرتەشی ئیسرائیل بەنیازە هێرشە ئاسمانییەکان چەند هێندە بکات و مەودای هێرشەکانیان زیاد بکات، هاوکات لە ئەگەری لێکەوتەکانی ئەم هەڵمەتە، وەک پەکخستنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن و زیادبوونی هێرشی مووشەکی لە یەمەنەوە نیگەرانە.

بەشێک لەو دڕۆن و مووشەکانەی کە حوسییەکان بەرەو ئیسرائیلیان هاویشتووە، تا ئێستا توانیویانە لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل دەرباز ببن و زیانێکی کەم بگەیەنن.

لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووە چەندین هێرشی دژی حوسییەکان لە سەنعا و حەدیدە و کەنارەکانی یەمەن ئەنجام داوە و دامەزراوە نەوتییەکان و چەند وێستگەیەکی کارەبا و هەروەها فڕۆکەخانەی پێیتەختی بۆردومان کردووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، حوسییەکان دەیان هێرشی مووشەکی و دڕۆنیان لە دژی ئیسرائیل ئەنجام داوە، هەروەها دەیان کەشتی بارهەڵگریان لە دەریای سوور بە دروشمی پشتیوانیکردنی غەززە کردووەتە ئامانج.

ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەموو چەکوچۆڵەکانی ئێرانی لە ناوچەکە لەنێو بردووە و تەنها حوسییەکان ماون، ئێستاش لە پەیامێکی هۆشداریی ڕووندا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێستا نۆرەی ئەم گرووپە میلیشیایە لە یەمەن گەیشتووە.