
ڕێکخراوی ئەنسارولفورقان بەرپرسیارەتیی کوشتنی موجتەبا شەهیدی تەختی، بەرپرسی "ئیتلاعاتی ئینتزامی"ی بەندەر لەنگەی گرتە ئەستۆ.
هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، بەرپرسی گشتیی دادگای پارێزگای هورموزگان باسی لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک لەم پێوەندییەدا کردووە.
هیچ زانیارییەکی زیاتر سەبارەت بە کەسی دەسبەسەرکراو لەلایەن ئەم بەرپرسەی ڕێژیمەوە بە میدیاکان نەدراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە موجتەبا شەهیدی تەختی بە بۆمبێک کوژرا کە یەکێک لە ئەندامانی ئەنسارولفورقان بەستبووی بە خۆیەوە و لە پاڵ ماشینی ناوبراو خۆی تەقاندەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران، جەواد چەتەر، جێگری شەهیدی تەختی لەم تەقینەوەیەدا بریندار کراوە.
ئەنسارولفورقان ڕێکخراوێکی سوننە مەزەبی بەلووچە کە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بە تێکەڵبوونی دوو ڕێکخراوی "حەرەکەتی ئەنساری ئێران" و "حیزبولفورقان"، دامەزرێندرا.