لە درێژەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکانی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، پێنج هاووڵاتیی خەڵكی شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو" ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی جەماڵ شێخەپوور و ئەفشین خەلیفەزادە هەر دووکیان خەڵکی گوندی "قومقەڵا"ی مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانبار، وەیسە غەفووری تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار و هەروەها خالید محەممەدیان خەڵكی گوندی نستان سەر بە شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری ڕەبەت لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
لەلایەکی دیکەوە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵكی پیرانشار کە شوناسی ئەمین بازیان ڕاگەیەندراوە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەم هاووڵاتییانە دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسەبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
هێزەکانی ڕێژیم لەم هێرشەدا، جیا لە پشکنینی ماڵی ئەم هاووڵاتییانە دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەوان، لەوانە مۆبایلەکانیاندا گرتووە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە زانیاریەک دەست نەکەوتووە.