کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵیی سپای پاسداران لە نۆژەنکردنەوەی یاریگای ئازادیی تاران

11:24 - 10 بەفرانبار 2724

حوسێن تەلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتی پەرەپێدان و چاککردنەوەی دامەزراوە وەرزشییەکان بە هەواڵدەریی ئیسنای ڕاگەیاندووە، قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران بڕی ١٩٠٠ میلیارد تمەنی بۆ ئاوەدانکردنەوەی بەشێک لە یاریگای ئازادیی تاران وەرگرتووە کە هەمووی بۆ ئەم پرۆژەیە خەرج نەکردووە.

ناوبراو بە ئیسنای ڕاگەیاندووە: "گرێبەستەکەمان لەگەڵ خاتەمولئەنبیا بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای ئازادی ١٩٠٠ میلیارد تمەن بوو، کە نزیکەی ٧٠٠ میلیارد تمەنی بۆ نۆژەنکردنەوەی لای ڕۆژاوای یاریگای ئازادی خەرج کراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە چەند مانگ لەمەوبەریش لە کاتی هاککرانی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم لەلایەن گرووپی عێداڵەتی عەلییەوە، بەڵگەیەک ئاشکرا بووە کە دەرخەری دۆسییەیەکی گەندەڵیی ماڵیی دەیان میلیۆن دۆلاری لە سامانی گشتی لە قەرارگای خاتەمی سپای پاسدارانی ڕێژیم بوو.

بەپێی بەڵگەی ئاشکراکراو، بەرپرسێکی پێشووی قەرارگای خاتەمولئەنبیا بە کەڵکاوەژوو لە پێگەی خۆی، ژمارەیەک شیرکەتی ماڵدۆڕاو و مایەپووچی لە بواری بوورسدا کڕیوە و دەیان میلیۆن دۆلاری لەم ڕێگەوە دزیوە.

گەندەڵی و ئیختلاس و دزیی لەبڕاننەهاتووی بەرپرسانی ڕێژیم لە ئاستێکدایە کە زۆر جاران لە بەر کێشە نێوخۆییەکان، هەر خۆیان یەکتری لەقاو دەدەن و ئەمە بە ڕادەیەک ئاشکرایە کە میدیاکانی ڕێژیمی ئێرانیش ناتوانن چاوپۆشیی لێ بکەن.

ئەم چەشنە گەندەڵییانە لەکاتێکدا ئەکرێن کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ سەرووی ٨٠ هەزار تمەن و هەڵاوسان و گرانی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و ڕۆژ لە دوای ڕێژەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەچنە ژێ هێڵی هەژارییەوە زۆرتر دەبێتەوە.