کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی دووکانداران و بازاڕییانی تاران

11:26 - 10 بەفرانبار 2724

بەپێی ژمارەیەک گرتە ڤیدیۆ و ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕۆژی ڕابردوو ٩ی بەفرانبار، کۆمەڵیک لە دووکانداران و کاسبکارانی تاران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و هەڵاوسانی بێسنوورەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوایان لە هەموو بازاڕییان کرد کە دووکانەکانیان دابخەن.

بەپێی ڤیدیۆکان، ژمارەیەک لە دووکانداران هاوکات لەگەڵ داخستنی دووکانەکانیان دروشمیان داوە و داوایان لە بازاڕییان کردووە کە بە داخستنی دووکانەکانیان پەیوەستی ئەوان بن.

ناڕەزایەتیی دووکاندارانی تاران لە پێوەندیی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و هەڵاوسانی بێسنوورە کە داهات و بژیوی ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە.

نرخی دۆلار لە دوای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی پزشکییان و تەنیا لە چەند مانگدا، ٣٣٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

لەلایەکی دیکەوە هەڵاوسان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە ئێران و بژیوی ژیانی چین و توێژەکان بەتایبەتی چینی هەژاری بە تەواوی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

بەپێی ئاماری سەندووقی نێونەتەوەیی پارە، ئێران لە ڕیزی دە وڵاتی جیهاندایە کە بە بەرزترین نرخی هەڵاوسانیان هەیە.

هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەشێک لە دووکاندارانی تاران، حەمیدڕەزا ڕەستگار، بەرپرسی ژووری سەندیکاکانی تاران لە وتووێژێکدا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕایگەیاند، "کاریگەرییەکانی نرخی دۆلار لە سەر نرخی شتومەک لە ئێران، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە".

ناوبراو زیادی کردووە کە بەرهەمهێنەران نیگەرانن کاڵایەک کە مەتریاڵە خاوەکەی بە دۆلاری ٨١ هەزار تمەنی دابین دەکرێت لە هێز و توانای کڕینی خەڵکدا نییە.

لەکاتێکدا کە نرخی دۆلار ٨٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند و نرخێکی مێژوویی تۆمار کرد، کارناسانی بواری ئابووری لە سەر ئەو بڕوایەن کە بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و هاتنەسەرکاری ترامپ و ئەگەری تێوەگلانی زیاتری ئێران لە شەڕدا، نرخی دۆلار دەتوانێت تا کۆتاییەکانی ئەمسال بگاتە ١٠٠ هەزار تمەن.