ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەری سووریە خوازیارە کە کۆماری ئیسلامی پێداچوونەوەیەک بە سەر سیاسەتە دەرەکییەکانی لەهەمبەر دەستێوەردان لە ناوچەکەدا بکات.
ئەلشەرع ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی ئەلعەرەبییەدا وتی: "هێزەکانی دژبەری ئەسەد لە کاتی ڕووخاندنی دیکتاتۆری پێشوودا، شوێنەکانی سەر بە تارانیان سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی ئەسەد بوو پاراستووە".
ناوبراو زیادی کردووە، هیوادارە کۆمارە ئیسلامی بەم بۆنەوە هەڵسوکەوتێکی ئەرێنی لە پێوەندیی لەگەڵ سووریەی نوێدا بگرێتە بەر، هەرچەند کە تاکوو ئێستا ئەم بابەتە ڕووی نەداوە.
ڕێبەری نوێی سووریە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە پێوەندیی لەگەڵ هاتنەسەرکاری ترامپ لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕایگەیاند کە، هیوادارە ترامپ سزاکانی سەر سووریە لا بەرێت و سیاسەتە پێشووەکانی خۆی نەگرێتە بەر.
ئەلشەرع سەبارەت بە ڕووسیە وتی: "ڕووسیە دووهەمین وڵاتی بەهێزی جیهانە و نامانهەوێت کە ئەم وڵاتە بە شێوەیەک لە سووریە بچێتە دەرەوە کە دواتر ببێتە هۆی لاوازبوونی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات".
ناوبراو بە ئەرێنی لە قەڵەمدانی هەوڵەکانی عەرەبستان بۆ سەقامگیرکردنی سووریە ڕایگەیاند کە ڕیاز دەرفەتێکی باشی بۆ وەبەرهێنان لە سووریەی داهاتوودا دەبێت.
ڕێبەری سووریە لە پێوەندیی لەگەڵ هێزەکانی سووریەی دێموکرات وتی: "دەوڵەتەکەی لە ئێستادا خەریکی وتووێژکردنە تاکوو ئەم هێزانە تێکەڵ بە هێزە چەکدارەکانی سووریە بکات".
ئەلشەرع سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتەدا بە ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنەکان ماوەی چوار ساڵ دەخایەنێت و هەروەها داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بنەڕەتیی نوێ سێ ساڵ کاتی پێویستە.