کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی خراپی پیشەی گەشتیاریی ئێران بەهۆی کۆنبوونی فڕۆکەکان و دۆخی ئەمنییەوە

12:19 - 14 سەرماوەز 2724

ڕەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری میراتە کولتوورییەکانی دەوڵەتی پزشکییان باسی لە دۆخی خراپی گەشتیاریی ئێران بەهۆی کۆنبوونی فڕۆکەکانی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان کردووە.

ساڵحی ئەمیری ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە پێداویستییەکانی ئێستا وڵامدەری ١٥ میلیۆن گەشتیار نییە و زیادی کرد کە بۆ پەرەدان بە پیشەی گەشتیاری، فڕۆکەی باشتر و زیاتر و هەروەها چالاکیی کۆمپانییە دەرەکییەکان پێویستە.

ئەم قسانەی وەزیری ڕێژیم لەکاتێکدایە کە یەکیەتیی ئورووپا ڕەزبەری ئەمساڵ بەهۆی بەشداریی فڕۆکە گەشتیارییەکانی ئێران لە گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرایندا، شیرکەتەکانی ئیران ئەیر، ماهان و ساهای سزا دا.

ساڵانێکە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە دژی پیشەی فڕۆکەوانیی ئێران بەهۆی ڕاگواستنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، زۆربەی فڕۆکەکانی ئەم وڵاتە پەکیان کەوتووە و ڕێگەش بە کڕینی فڕۆکەی نوێ نادرێت.

ساڵحی ئەمیری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە نەگونجاوبوونی سیستمی گواستنەوەی زەمینی بۆ گەشتیارانی دەرەکی کردووە و ژیرخانەکانی ئەم بەشەی بۆ گەشتیاران بە نەگونجاو زانیوە.

هەرچەند کە ئەم هۆکارانە بەشێکە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشتیارانی دەرەکی بۆ هەر وڵاتێک بەڵام وەزیری گەشتیاریی ڕیژیم لە قسەکانیدا هیچ ئاماژەیەکی بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە و دووڕەگەی لە کاتی سەردانیان بۆ ئێران لە سالانی ڕابردوودا نەکردووە کە یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەهاتنی گەشتیارانی دەرەکی بۆ ئێرانە.

دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی دەرەکی و دووڕەگە لەکاتی سەردانیان بۆ ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەردەوام بووە کە خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە پێشەی گەشتیاریی ئێران گەیاندووە.

پێشەی گەشتیاری لە ئێستادا زیاتر لە ٩ لەسەدی ئابووریی گشتیی جیهان پێک دێنێت و داهاتی سەرەکیی زۆربەی وڵاتانی جیهانە.