کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە کاتی دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەددا دامەزراوەیەکی سپای پاسدارانی لە سووریە کردووەتە ئامانج

19:20 - 10 بەفرانبار 2724

کاناڵی "کان"ی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ئۆپەراسیۆنی کۆماندۆکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە کاتی دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەد بۆ سەر سووریە کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە تایبەتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە مانگی سێپتامبردا هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەکی سپای پاسداران لە شاری مەسیافی سووریە کە لە ژیر زەویدا دروست کرابوو.

کان لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە لەم هێرشەدا جیا لەم دامەزراوەی سەر بە سپای پاسداران، ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی پیشەسازیی بەرگریی دەوڵەتی بەشار ئەسەد کراوەتە ئامانج.

ئەم کاناڵە ئیسرائیلییە با ئاماژەدان بەوەی کە دەوڵەتی نێتانیاهوو پێشوەختە ئەمریکای لەم هێرشە ئاگادار کردووەتەوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ ئەم ناوەندەی لە ژێر چاوەدێریدا داناوە.

کان زیادی کردووە، ئیسرائیل دوابەدوای ئەوەی کە لە پرۆسەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەم دامەزراوە ئاگادار بووەتەوە، بڕیاری ئەنجامی هێرشەکەی داوە.

ئەم کاناڵە پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەپێی زانیارییەکان، بڕیار بووە کە حیزبوڵڵای لوبنان لە بەرهەمەکانی ئەم دامەزراوە مووشەکییە کەڵک وەربگرێت.

پێشتر ئیسرائیل ئەم چەشنە ئۆپەراسیۆنانەی کەمتر دەگرتە ئەستۆی خۆی و بە شێوەی راستەوخۆ باسی لێ نەدەکرد.

هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ یەکەمین جار باسی لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری پێشووی حەماس کرد.

ئەمە یەکەمین جار بوو کە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە شێوەی فەرمی کوشتنی هەنییە، بخاتە ئەستۆی وڵاتەکەی.