پاش نزیک بە دوو ساڵ بانکی ناوەندیی ئێران نرخی فەرمیی هەڵاوسانی بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی، نرخی هەڵاوسانی ساڵانە لە سەرماوەزی ئەمساڵدا ٣٦.٣٪ و نرخی هەڵاوسانی خاڵ بۆ خاڵ ٣٣.٨٪ بووە و هەروەها ئەم بانکە نرخی هەڵاوسانی مانگانەی ١.٧٪ ڕاگەیاندووە.
لەکاتێکدا نرخی دۆلار گەیشتووەتە ئاستێکی چاوەڕواننەکراو و بەهای تەمن لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر دابەزیوە و نرخی هەڵاوسانی خواردنەکان بەرزتر بووەتەوە، ئامارەکانی ئەم بانکە نرخی هەڵاوسانی لە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا نیشان داوە.
بەپێی زانیاریی میدیا نیوخۆییەکانی ئێران، تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی نان، برنج، گۆشت و هێلکە زیاتر لە ٤٠٪ هەڵاوسانیان بە خۆیانەوە بینیوە.
هاوکات لەگەڵ داڕمانی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، کارناسانی بواری ئابووری پێشبینییان کردووە کە ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت نرخی دۆلار کۆنتڕۆڵ بکات، تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا دەگاتە ١٠٠ هەزار تمەن و هەروەها نرخی هەڵاوسانیش لە ٤٠٪ تێدەپەڕێت.
هاوکات لەگەڵ دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، سیاسەتە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ، دوورە دیمەنێکی ناڕوونی خستووەتە سەر ئابووری ئێران.