دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە درێژەی هەیە و هەر لەم ڕاستایەدا، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕەحمان تابش خەڵكی شنۆ و هێدی شادیخا خەڵکی گوندی سینگانی شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکەتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەم شارە دەسبەسەر کران.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی کوورش عەزیزی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرا.
هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم جیا لە دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی ئەم سێ هاووڵاتییە، ماڵەکانیان پشکنیون و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسی لەوانە مۆبایلەکانیاندا گرتووە.
ڕەحمان تابش و کوورش عەزیزی دوو بەندکراوی سیاسیی پێشوو، پێشتریش بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران" بە ڕیز بە ٤٢ و ٤٨ مانگ سزای بەندکراوی داسەپاویان بەسەردا سەپابوو.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی دێسامبردا تاکوو ئێستا ٦٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.