لە درێژەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە کوردستان، سێ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی شنۆ و مەهاباد دەسبەسەر کران.
ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی هێمن شامحەممەدی، تەمەن ١٧ ساڵ و کوڕی هەژار، خەڵکی گوندی میراوێی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی ڕەسووڵ پوورخزری، خەڵکی گوندی سۆفیان سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان هەر لە هەمان ڕۆژدا هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی فایەق قادرزادە، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هیزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و تاکو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.