کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار

11:17 - 11 بەفرانبار 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، خانەنشینکراوانی موخابرات، لە ٩ پارێزگای ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری گەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانیان بوون.

لە درێژەی پێڕانەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە داواکاری و مافە پێشێلکراوەکانی خانەنشینکراوان، ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابرات لە پاریزگاکانی کرماشان، سنە، ئیلام، ورمێ، ئێسفەهان، تەورێز، ئەهواز، گیلان و مازەندەران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بە دژی سیاسەتەکانی "ستادی ئیجرایی فەرمانی خومەینی" و "بونیادی تەعاونی سپای پاسداران" کە پشکداری بەشیکی زۆر لە شیرکەتی "مخابرات"ـن، دروشمیان دا.

خانەنشینکراوانی موخابرات لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە بەڵام تاکوو ئیستا کیسەکانیان بۆ چارەسەر نەکراوە.

هەواڵدەریی ئیلنای ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەم خانەنشینکراوانە تا ئیستە زیاتر لە ٨٠ کۆبوونەوەیان لە ناڕەزایەتی بە دۆخی خۆیان بەڕیوە بردووە.

دۆخی خراپی بژیوی ژیانی خانەنشینکراون بووەتە هۆی ئەوەی کە ساڵانە کۆمەڵێکی زۆر لە خانەنشینکراون لە سەرتاسەری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕیوە بەرن.

هاوکات لەگەڵ قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە دوو مانگی ڕابردوودا، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی سەندیکاکان، کرێکاران، خانەنشینکراون و کارمەندان بە شێوەیەکی بەرچاو دەستی پی کردووەتەوە.

ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار ژمارەیەک لە دووکانداران و کاسبکارانی تاران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و هەڵاوسانی بێسنوورەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەواڵدەریی مافی مرۆڤیی هێرانا ڕێکەوتی ٦ی بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بەڕێوەچوونی لانیکەم هەزار و ٢٧٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی لە ئێران کردووە.

بەپێی راپۆرتەکەی هێرانا زۆربەی ئەم کۆبوونەوانە لە پێوەندیی لەگەڵ داواکاریی هەقدەستی سەندیکاکان، ناڕەزایەتی بە دۆخی خراپی ئابووری و ناکارەمەیی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە.

هاوکات لەگەڵ داڕمانی بەهای تمەن و بەرزبوونەوی زیاتری نرخی دۆلار و هەروەها بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی هەڵاوسان، وێدەچێت لە ساڵی داهاتووی زایینیدا ئاماری کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر بێت و ڕۆژانە لە سەر شەقامەکانی ئێران لەم چەشنە کۆبوونەوانە بەڕێوە بچێت.

دەوڵەتی پزشکییان لە هەوڵدایە تاکوو پێش بە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوانە لە شوێنە گشتییەکان بگرێت.

نوورەدین ئاهی، ڕاوێژکاری باڵای مەسعوود پزشکییان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە هەوڵدان شوێنیکی تایبەت بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان دابین بکەن تاکوو کەسانی ناڕازی بچنە ئەو شوێنە تایبەتەی کە ئەوان دیارییان کردووە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕن.