مەجید عەبدوڵڵاهی، جێگری ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە، پەرەپێدان و تەیارکردنی قوتابخانەکانی ئێران، ڕایگەیاند کە نزیکەی هەزار و ٨٢٠ پۆلی خوێندنی کانێکسی لە ئێراندا هەیە و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەو قوتابخانانە ڕێکبخرێن و ڕێژەی ئیمەنیان پەرەی پێ بدرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە نزیکەی هەزار قوتابخانەی بەردی لە ئێراندا بوونی هەیە و ڕایگەیاند کە پلانی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییە نێوخۆییەکان و دیاریکردنی شوێنی ئەم پڕۆژەیە لە ئەستۆی ڕێکخراوی پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی پارێزگاکاندایە.
پێشتر لە ٧ی سەرماوەزدا حەمیدڕەزا خانمحەممەدی، بەرپرسی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدان و تەیارکردنی قوتابخانەکانی ئێران، هۆشداری دا لەوەی کە حەوت پارێزگای تاران، قوم، سیستان و بەلووچستان، خوزستان، خوراسانی ڕەزەوی، ئەلبۆرز و ورمێ لەگەڵ کەمیی قوتابخانەکان بەرەوڕوون.
ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر، عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم وتبووی، بوونی قوتابخانەی کانێکسی بە مانای قەیران نییە و بارودۆخی کەشوهەوا و هەندێک جاریش ژمارەی قوتابییان دەبێتە هۆی دروستکردنی قوتابخانەی کانێکسی.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی ٧٠ هەزار پۆلی خوێندن لە ئێران پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و ٣٠ هەزار پۆلیش پێویستیان بە ڕووخاندن و چاککردنەوە هەیە.
بوودجەی پێویست بۆ باشترکردنی فەزای پەروەردەیی و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ لە ئێران بە گشتی بە بەشداری خێرخوازانی دروستکردنی قوتابخانە دابین دەکرێت.
بەپێی قسەکانی جێگری ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە ٥٧ لەسەدی قوتابخانەکانی ئێران بە یارمەتی خێرخوزان دروست دەکرێت.
لەسەر بنەمای ئەمەش پشکی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی بوودجە بۆ قوتابخانەکان لە ئێران تەنیا ٤٣ لەسەدە.