باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی هۆشداریی بە حوسییەکان دا کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە ڕابگرن و باڵیۆزی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە پێویستە لە تاران وڵامدەر بێت.
کۆبوونەوەی شۆاری ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشە ئاسمانییەکانی حوسییەکان بەرەو ئیسرائیل بەڕێوە چوو.
لەم دیدارەدا باڵیۆزی ئیسرائیل بە حوسییەکانی وت: ''وادیارە ئێوە لەوە تێنەگەیشتوون کە لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی ڕووی داوە''.
دێنی دانون هۆشداری دا کە حوسییەکان لە ئەگەری بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبنەوە کە بەسەر حەماس و حیزبوڵڵا و ئەسەد و هەموو ئەوانەیدا هات کە دەیانویست لەناومان ببەن.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هاویشتنی مووشەک، ڕاکێت و دڕۆنینان بەرەو ئیسرائیل زیاد کردووە و ئیسرائیلیش لە دوو حەفتەی ڕابردوودا دوو هێرشی قورسی لە دژی ژێرخانەکانی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام داوە.
دوای دووهەمین هێرش کە پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجام درا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی بە حوسییەکان دا کە ئەمە دەستپێکی کارە.
هەروەها نوێنەری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە ئێران پشتیوانیی چەکوچۆڵیی حوسییەکان دەکات.
دورۆتی شی، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێران مووشەکی دوورمەودای بۆ حوسییەکان دابین کردووە تاکوو ژێرخانە مەدەنییەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج کە پڕوپاگەندەی خودی حوسییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی مووشەکی هایپێرسۆنیک ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە.
ناوبراو داوای لە شۆرای ئەمنییەت کرد کە کاردانەوەی هەبێت و لە بابەت پشتیوانی لە حوسییەکان ڕێژیمی ئێران وڵامدەر بکات.
بەڵام باڵوێزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم تۆمەتەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ چارەسەری کێشەی یەمەن دەکات.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران پاڵپشتی سیاسی و ئابووریی میلیشیا حوسییەکانی یەمەن بووە و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ئاوەکانی ناوچەکەدا چەندین جار دەستیان بەسەر کەشتییەکانیاندا گرتووە کە چەکوچۆڵی ئێرانییان بۆ یەمەن گواستووەتەوە.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی کە بە ئاوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت دەریای سووردا تێدەپەڕن و ئیدعای پشتیوانیی فەلەستینییەکان لە غەززە دەکەن.