هەواڵدەریی بلوومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر ئەوەی کە حوسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی، چۆن و لە چ ڕێگەیەکەوە هەوڵی پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیی داوە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە حوسێن شەمخانی، بە وەرگرتنی ڕەگەزنامەی وڵاتی دۆمێنیکا دەستی بە سیستمی بانکیی نێونەتەوەیی گەیشتووە و دواتر لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە لە ئێمارات و ئەمریکا، دەستپێڕاگەیشتنی خۆی بە سیستمی بانکی جیهانی پاراستووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە وەرگرتنی ڕەگەزنامەی دۆمێنیکا لەلایەن حوسێن شەمخانی و تیمەکەیەوە هەنگاوێک بوو تاکوو ژمارەیەک لە ئێرانییەکان بتوانن لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانییە نەوتییەکانی ڕۆژاواییەکان، مامەڵە بکەن.
ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ کە بە لێدوان لەگەڵ زیاتر لە چل کەسی ئاگادار لە چالاکییەکانی حوسێن شەمخانی ئامادە کراوە، دەریدەخات کە ناوبراو لە چ ڕێگەیەکەوە کۆمپانییەکانی خۆی لە چوارچێوەی سیستمی دارایی ڕۆژاوادا گونجاندووە.
ئەم تۆڕە کە لە شارەکانی جیهان وەک لەندەن، ژێنێڤ، دوبەی و وڵاتی سەنگاپوور چالاکیی هەبووە، چەکوچۆڵی ئێرانی بۆ شەڕ بە دژی ئوکراین ڕاگواستووە.
بەرنامەکانی وڵاتی دۆمێنیکا لە پێوەندیی لەگەڵ پێدانی ڕەگەزنامە لە پێناوی وەبەرهێنان، بووەتە هۆی ئەوەی کە گرووپی "ئەدمیراڵ" کە لەلایەن حوسێن شەمخانی و براکەیەوە دامەزرێندراوە، ببێتە کۆمپانییەکی بازرگانیی میلیارد دۆلاری کە دەیان شیرکەت و کۆمپانیی دیکە لەخۆ دەگرێت.
بریتانیا ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی بڕیاری سەردانی هاووڵاتییانی دۆمێنیکای بە بێ ڤیزا بۆ بریتانیا پووچەڵ کردەوە و پارلەمانی ئورووپاش ڕایگەیاند کە دەبێت ئەم چەشنە سیاسەتانە ڕابگیردرێت.