هێرانا بەمەبەستی خستنەڕووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئامارێکی لەم پێوەندییەدا لە ماوەی زەمەنیی یەکی ژانویە هەتا ٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٤ بڵاو کردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا دەسبەسەرکردنی ٢٤٠ هاوڵاتی تۆمار کراوە کە لەو ڕێژەیە ١٠٩ حاڵەتی دەسبەسەرکردن بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی بووە.
هەرچەند تۆمەتی ١٨٦ حاڵەتی ئەو دەسبەسەرکراوانە دیار نییە، بەڵام بە پشتبەستن بە نیشانە و ڕابردووی دەزگای ئەمنی ڕێژیم ئەم ژمارەیە لە دەسبەسەرکراوەکان بە هۆی داواکاری مافی نەتەوەییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
لەم ئامارەدا هاتووە کە ٤٧١ مانگ زیندانی بە سەر ٢٠ کەسدا سەپێندراوە. لەو ڕێژەیە ٤٦٥ مانگ زیندانی لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە سەپێنراوە و ٦ مانگ زیندانی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە سەپێنراوە. جگە لەوەش ٥ کەس سزای پێبژاردنی ٧٥ملیۆن تمەنیان بەسەردا سەپێنراوە و ٣٢ کەس بانگی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ڕێژیم کراون.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە بواری کەمیینە نەتەوەییەکان، دەرکردنی سزای زیندانی بە پشتبەستن بە ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن سیستەمی دادوەرییەوە دادگایی کراون بە ڕێژەی ٥.٢٪ زیادی کردووە.
جێگای ئاماژەی کە ٨١ کەس لە کەمینە ئایینییەکان لەلایەن دامەزراوە دادوەرییەکانەوە بە کۆی گشتی ٤٧٧٤ مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
هەروەها سەبارەت بە مافی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ١٤٧٩ ڕاپۆرت لەلایەن ناوەندی ئامارەوە تۆمار کراون، و بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە، ١٥٨٥ کەس دەسبەسەر کراون.
٧٧٧ ڕاپۆرت لەلایەن ناوەندی ئاماری چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران تۆمار و بڵاو کراونەتەوە کە بە پێیە ٢٠٧ کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و ٨٨٣ کەس سزا دراون، و لەو ڕێژەیە ٤ حاڵەتی لەسێدارەدان بە ئاشکرا و لە بەرچاوی خەڵکدا ئەنجام دراوە.
بەپێی ئامارەکان، ٧٧٢ کەس لە لەسێدارەدراوان پیاو بوون و ٢٦ کەسیان ژن بوون. هەروەها ٥ کەس کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوان تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمتر بووە.
لەسێدارەدان و جێبەجێکردنی سزای هاووڵاتییان بە ڕێژەی ١٨.٣٪ زیادی کردووە و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٣٣.٥٪ زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ٦٤٤ ژن بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەسبەسەر کراون . لەو دەسبەسەرکردنانە، ٦١٨ دۆسییە پەیوەندییان بە گەڵاڵەی نوورەوە هەیە کە لە بەهاری ساڵی ١٤٠٣ لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستی پێ کردووە. هەروەها لانیکەم ١٠ ژن بە ٥٧ مانگ زیندان و پێبژاردنی چواردە میلیۆن تمەن سزا دراون.
جێگای ئاماژەیە ڕاپۆرتی ساڵانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەرئەنجامی کۆکردنەوە، شیکردنەوە و بەڵگەنامەکردنی ٩ هەزار و ١٦٠ ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە دۆخی مافی مرۆڤە کە لە ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ١١٦ سەرچاوەی یاسایی یان هەواڵەوە بڵاو کراونەتەوە.