کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی چارەسەری دەرمانی هەستی حوسێن پەناهی لە ئاڵمان بەردەوامە

17:23 - 11 بەفرانبار 2724

هەستی حوسێن پەناهی، کچە قوتابییەک کە لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ١٤٠١دا بریندار بوو و ئێستا لە وڵاتی ئاڵمانە لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و دەرمانی بەردەوامە و لەم ڕۆژانەدا جارێکی دیکە نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

هەستی حوسێن پەناهی خەڵکی شاری دێولان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە کاتی شۆڕشی ژینادا تەمەنی ١٦ ساڵ بوو.

ناوبراو لە ١٩ی خەزەڵوەردا لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕێژیم پەلاماری خەڵکیان دەدا کەوتە بەر هێرشی ئەو هێزانە و کەوتە کۆماوە و دوای ٥ مانگ هاتەوە هۆش بەڵام توانای قسەکردن و جووڵەی لەدەست دابوو.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ڕێژیم هەستی و چەند قوتابی دیکەیان داوەتە بەر باتۆم و ئازاریان داون. هەستی بۆی دەرکەوتووە کە هێزە ئەمنییەکان دوای ماشینەکەیان کەوتوون هەر بۆیە لە ترسان خۆی لە ماشینەکە فڕێ داوەتە خوارێ و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ناوبراو بچیتە کۆماوە.

دوای چەند مانگێک لە بەردەوامیی گوشار و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، هەستی و بنەماڵەکەی ناچار بوون ئێران بەجێ بهێڵن و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و دەرمانی زیاتر بچنە وڵاتی ئاڵمان.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، دایکی هەستی بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە هەستی کە لەسەر تەختی نەخۆشخانەیە و پرچەکانی بە هۆی نەشتەرگەرییەوە بڕدراون نووسیویەتی: "لەبەر تاوانی کچ بوون" لەم دۆخەداین.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ١٤٠١ لە ئێراندا، لانیکەم ٥٣٧ خۆپیشاندەر کوژراون کە ٤٨یان ژن بوون و ٦٨یان منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵان بوون.