کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی کاک مستەفا هیجری بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی

17:29 - 11 بەفرانبار 2724

  کاک مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

نوێبوونەوەی ساڵی زایینی و هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢٥ لە سەرجەم مەسیحییانی جیهان، پەیڕەوانی ئەم ئایینە و هەروەها ئەو کەسانەی کە ساڵی نوێی زایینیدا جێژن دەگرن، پیرۆز بێت.
لە هەلومەرجێکدا پێشوازی لە نوێبوونەوەی ساڵی زایینی دەکرێت کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک ناوچەیەکی فرەئایین و فرەنەتەوە، لەگەڵ گۆڕانکاریی جیددی بەرەوڕوویە.
لەم دۆخەدا هیوا دەخوازم کە ساڵی نوێی زایینی و هەلومەرجی نوێی سیاسی، ببێتە مایەی بەرەوپێشچووونی ڕەوتی ئازادی و بەها کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچەکە و ئاشتییەکی دادپەروەرانە، بەرابەریی نەتەوەکان و سەقامگیریی بەدوادا بێت.
هیواداریشم نەتەوەکانی ئێران لە ئەنجامی هەلومەرجی ئاماژە پێدراودا، ڕووی تەبایی و ئازادی بە خۆیانەوە ببینن. بە تایبەت کە پەیڕەوانی ئایینی مەسیح و ئایینزاکانی دیکە، لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە و بە ناوی پیرۆزییەکان و شەریعەتی ئیسلامییەوە سەرکوت دەکرێن و لە ئازادییە ئایینی و سیاسی و مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کراون.

بە هیوای ئاشتی، تەبایی، ئازادی و یەکسانیی گەلانی ناوچە.

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١ی بەفرانباری ١٤٠٣

٣١ی دێسامبری ٢٠٢٤