بەندکراوانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە چل و نۆهەمین حەفتەی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٢٨ بەندیخانەی ئێراندا مانیان لە خواردن گرت.
ئەم کەمپەینە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هاوکات لەگەڵ هۆشداریدان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان و هەروەها ئاساییکردنەوەی سزاکانی وەک بڕینی دەست و زیندووکردنەوەی بەردباران و لەسێدارەدانی ژنان داوای لە هەموو چالاکان وهاوڵاتییان کرد کە لە بەرانبەر ئەم قەیرانانەدا بێدەنگی بشکێنن و لەگەڵ بەندکراوانی ناڕازی بن.
ئەم کەمپەینە لە بەشێک لە بەیاننامەکەی خۆیدا و لە پێوەندی لەگەڵ بێهەستکردنی ئەندامانی جەستە بۆ سزادانی تۆمەتباران بە دزی و موحاربە، ڕایگەیاندووە: لە ڕۆژانێکدا کە دەنگی مافخوازی و ناڕەزایەتیی خەڵک و چالاکان دژی لەسێدارەدان لە هەر کاتێکی تر بەرزترە، نە تەنیا لەسێدارەدان و سەرکوت کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو دەسەڵاتی خۆسەپێن بە شێوەیەکی بەربڵاوتر درێژەی پێ دەدات.
ئەندامانی ئەم کەمپەینە ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیم لە هەوڵدایە جینایەتە وەحشییانەکانی خۆی ئاسایی بکاتەوە و بەم شێوە سەرکوتکارانەیە، ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگەدا پەرە پێ بدات.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە زۆربەی ئەو تۆمەتبارانە، خۆیان قوربانیی گەندەڵیی سیستماتیک، هەڵاواردنی چینایەتی، دزی و گەندەڵیی بەرپرسان و دەستوپێوەندییەکانی دەسەڵاتن.
ئەندامانی ئەم کەمپەینە ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی دژەژنی زاڵ بەسەر ئێراندا، لە درێژەی سەرکوتکارییەکانی خۆیدا، ژمارەیەک لە ژنانی لە بەندیخانەی قەرچەک بە تۆمەتی پێوەندی ناشەرعی بە سزای بەردبارانکردن مەحکووم کردووە کە لە گەشبینانەترین حاڵەتدا ئەگەری هەیە حوکمەکەیان لە بەردبارانەوە بۆ لەسێدارەدان بگۆڕدرێ.
ئەندامانی ئەم کەمپەینە ڕایانگەیاندووە : ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە بێدەنگی لە بەرانبەر ئەم چەشنە تاوانانە، هاوهەنگاوبوون لەگەڵ ئەم تاوانانەیە و دەبێ دژ بەم وەحیشگەرییە ڕاوەستین.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە ١٠ ڕۆژی سەرەتای مانگی بەفرانباردا، لانیکەم ٤١ کەس و تەنیا لە سێ ڕۆژدا ٢٣ کەس لە سێدارە دراون و ژمارەیەکی زۆریش ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.
لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، وێڕای مەحکوومکردنی هەوڵە سەرکوتکارانە و دژەمرۆڤانەکانی ڕێژیمێک کە پێشێلکاری سەرەکیی مافی مرۆڤە، داوا لە هەموو چالاکانی ئەم بوارە دەکەین بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سەرکوت و لەسێدارەدان، لە ئێران هەنگاو هەڵبگرن.