
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری چوار سەرچاوەی نەناسراو ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵای لوبنان لە هەوڵدایە تاکوو سەرلەنوێ هێزەکانی ڕێک بخاتەوە و کۆگاکانی پڕچەک بکاتەوە تاکوو ببێتە هەڕەشەیەکی درێژخایەن بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە.
ئەم هەواڵدەرییە بریتانیاییە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا و لە زاری سێ سەرچاوەی نەناسراوی ئەمریکایی و سەرچاوەیەکی دیکەی ئیسرائیلییەوە نووسی: "ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بۆیان دەرکەوتووە حیزبوڵڵا کە تەنانەت لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە ماوەی پێشوودا، لە هەوڵی وەرگرتنی ئەندامی نوێ بووە لە ئێستادا لە هەوڵدایە تاکوو بۆ پڕچەککردنی دووبارەی خۆی لە بەرهەمی خۆی و لە ڕێگەی قاچاخەوە کەڵک وەربگرێت".
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە حیزبوڵڵا یەکێک لە سەرەکیترین مەرجەکانی ئاگربەستی نوێ لەگەڵ ئیسرائیلدا کە مەرجی چەککردنی حیزبوڵڵا بوو، پێشێل دەکات.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتێرز زیادی کردووە کە حیزبوڵڵای لوبنان لە هەنووکەدا بە لەدەستدانی هەزاران ئەندام و نیوەی زیاتری چەکوچۆڵەکانی لە لاوازترین دۆخی چەند دەیەی ڕابردوودایە بەڵام هێشتا لەنێو نەچووە و هەزاران مووشەکی کورتمەودای پاشەکەوت هەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە ئەم هەواڵدەرییە باسی لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دەستپێڕاگەیشتنی حیزبوڵڵا بە سووریە کردووە و جەختی کردووەتەوە کە ئەم گرووپە چەکدارییەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ نێو لوبنان لە سووریە کەڵکی وەرگرتووە و زیادیشی کردووە کە ئەمریکا لە هەوڵدایە تا بە خستنەژێر گوشاری بەشار ئەسەد تواناکانی حیزبوڵڵا لە سووریە سنووردار بکات.
چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو بە نێوبژیوانیی ئەمریکا و فەرانسە ئاگربەستێک لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل هاتە ئاراوە کە دوو مەرجی گرینگی ئەم ڕێککەوتنە چەککردنی حیزبوڵڵا و دوورکەوتنەوەی لە سنوورەکانی ئیسرائیل بوو.