کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە شاری شنۆ

11:02 - 15 سەرماوەز 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز، خاتوو خەجیج ڕەحمانی، دانیشتووی شاری شنۆ لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

خەجیج ڕەحمانی، هاوسەری زیندەیاد قادر ئازیس، هەروەها خوشکی تێکۆشەری لەمێژینەی دێموکرات، هاوڕێ قادر وریا، هەر لە دەستپێکی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات و جێگیربوونی بنکەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنۆ، وەک ژنێکی بەهەست و نیشتمانپەروەر، بووە دڵسۆز و پشتیوانی تێکۆشانی ڕۆڵەکانی دێموکرات لەو ناوچەیە.

لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا، ئاوایی دێموکراتپەروەری گوندەوێڵە، مەیدانی دەیان قارەمانەتی و حەماسەخوڵقێنیی هێزی شەهید سمکۆ و دواتر هێزی کێلەشین بوو. خەجیج و هاوسەرەکەی کە  ئەو کات لە "گوندەوێڵە" دەژیان، ماڵیان حەشارگەی  پێشمەرگەکان و خۆیان هاوکار و پشتیوانی ڕۆڵەکانی دێموکرات بوون.

خاتوو خەجیج ڕەحمانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی جاش و بەکرێگیراوانیشدا کە بۆ ئەزیەت و ئازاری خەڵک ڕوویان لەو گوندە دەکرد، لە ڕیزی پێشەوەی ژنانی گوندەوێڵەدا بوو. خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات و وەفاداری بە ڕێگا و ئامانجەکانی ڕێبەرانی شەهیدی ئەو حیزبە، هەتا دواساتەکانی تەمەن، تێکەڵاوی هەست و باوەڕی ئەو خاتوونە دڵسۆز و بەوەفایە بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.