شەوی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەز، ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی کاک عەبدوڵڵا عەرەبی، بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، کۆچی دوایی کرد.
کاک عەبدوڵڵا ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی لە گوندی ئەنبێ سەر بە ناوچەی تەڕگەوەر دایک بووە و ساڵی ١٣٧٢ پێوەندیی بە تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی تەڕگەوەر گرتووە و وەک ئەندامێکی تەشکیلات دەستی بە کار و چالاکیی حیزبی کردووە .
ناوبراو بەوپەڕی سداقەتەوە ئەرکە تەشکیلاتییەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.
کاک عەبدوڵڵا چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە گیرا و کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجە بەڵام نەیانتوانی زەڕەیەک لە ئیمان و باوەڕی بە حیزبی دێموکرات و ڕێبازی شەهیدان لاواز بکەن .
لای کاک عەبدوڵڵا پیرۆزترین وشە، پێشمەرگە و بەنرخترین شت چەکی شانی بوو کە وەک گڵێنەی چاوی دەیپاراست.
تەرمی ناوبراو ڕۆژی ١٥ی سەرماوەز بە بەشداریی خەڵکی ناوچەی تەڕگەوەڕ لە گوندی ئەنبێ بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.