لە درێژەی دەسبەسەرکرانە بەربڵاوەکانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و بۆکان دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز، هاووڵاتییەک بە ناوی سۆران یووسفی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی سڵامەت سەر بە شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەم هاووڵاتییە دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ڕێژیم و بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی هیوا فەیزی و حەسەن فیرووزی خەڵکی گوندی مەولان ئاوای سەقز لەلایەن هیزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی سەرەتا هیوا فەیزییان دەسبەسەر کردووە و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حەسەن فیرووزی و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویشیان دەسبەسەر کردووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سەقز ڕاگوێزراون.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.