کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنی بلینکێن: پێشڕەویی گرووپە جیهادییەکان لە سووریە نیشاندەری سەرلێشێواویی ڕووسیە و ئێرانە

12:07 - 15 سەرماوەز 2724

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری دەوڵەتی ئەسەد، ئاڵۆزبوونی پشتیوانەکانی ئەسەد نیشان ئەدات.

ئانتۆنی بلینکێن لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوی ڕێکخراوی ناتۆ بە ئاماژەدان بە لاوازیی سیاسەتەکانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و بەهێزبوونەوەی گرووپە جیهادییەکان لە سووریە ڕایگەیاند، پێویستە پێش بە گەڕانەوەی خەلافەتی داعش بگیردرێت.

بلینکێن پێشڕەویی گرووپە جیهادییەکانی لە سووریە بە نیشانەی ئاڵۆزبوون و سەرلێشێواویی ڕووسیە و ئێران لە قەڵەم دا و زیادی کرد کە ئەم دوو وڵاتە بە بابەتی دیکەوە سەرقاڵن بۆیە سەرنجیان لە سەر سووریە نەماوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی لوبنان وتی: "ئاگربەستی لوبنان سەقامگیرە و ئێمە لە ڕێوشوێنگەلێک بۆ بەرەوڕووبوونە لەگەڵ هەرچەشنە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە کەڵک وەردەگرین".

بلینکێن ڕووسیەی بە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ناتۆ زانی و زیادی کرد کە بەشداربوونی هێزەکانی کۆرەی باکوور لە شەڕی ئۆکرایندا هەڕەشەیەکی جیددیە.

هەر لەم دانیشتنەدا مارک ڕۆتێ سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند کە ڕووسیە لە پێناو وەرگرتنی چەکوچۆڵ و هێزی سەربازی لە کۆرەی باکوور بۆ شەڕی ئۆکراین، پشتیوانی لە گەشەدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی پیۆنگ یانگ دەکات.

ڕۆتێ زیادی کردووە کە ئەم ئاڵوگۆڕانە دەتوانێت سەقامگیریی شێوەدوورگەی کۆرە تێک بدات و هەڕەشەیەک بۆ ئەمریکاش بێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەبێت پشتیوانییەکانیان لە ئۆکراین لە بواری چەکوچۆڵدا زیاد بکەن تاکوو ئاڵوگۆڕ لە ڕەوتی شەڕدا پێک بهێنن.