ڕۆژی چوارشەممە ۱۴ی سەرماوەز، نەرگس محەممەدی، زیندانیی سیاسی، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووس و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی ٢٠٢٣، بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.
لە لاپەرەی ئینستاگرامی ناوبراو گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە نەرگس محەممەدی بڵاو کراوەتەوە کە ناوبراو بە ئامبولانس بەرەو ماڵەکەی براوەتەوە و لە کاتی گەڕانەوەیدا بەبێ هەبوونی حیجابی زۆرەملێ و دانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەرکەوتووە.
مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگس محەممەدی، ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی سزای ناوبراو بۆ ماوەی سێ حەفتە ڕاگیراوە و ناوبراو لە زیندانی ئێڤین بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتەی ٨ ملیارد تمەنی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ئازاد کراوە.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا، ڕاپۆرتگەلی جیاواز لە بارەی خراپبوونی دۆخی تەندروستیی ناوبراو لە زیندانی ئێڤین بڵاو کرایەوە و گومانی ئەوە دەکرێت کە نێرگس تووشی شێرپەنجەی ئێسک بووبێت.
مستەفا نیلی، پارێزەری ناوبراو پێشتریش لەمبارەوە ڕایگەیاندبوو کە نەرگس محەممەدی لە ناوەڕاستی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا بۆ لابردنی گرێیەکی ئێسک نەشتەرگەریی بۆ کرابوو.
نەرگس محەممەدی بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ مورەخەسی پێدراوە بەڵام کەسوکاری ئەم مورەخەسیەیان بە ناتەواو زانیوە.
هەروەها کۆمیتەی نۆبڵی نۆروێژ داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە نەرگس محەممەدی بۆ هەتا هەتایە لە زیندان ئازاد بکەن.
نەرگس محەممەدی کە تەمەنی ٥٢ ساڵە، لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا بە دەیان جار زیندانی کراوە.