برای یەکێک لە شەهیدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەهۆی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە ناچار بوو کە زێد و وڵاتی خۆی بەجێ بهێڵێت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ئیبراهیم مەولوودی ناسراو بە دیاکۆ، برای شەهیدی بزووتنەوەی ژینا، بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم ناچار بوو کە زێد و وڵاتی خۆی بەجێ بهێڵێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ناوەندە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر بەمەبەستی دەسبەسەرکردنی دیاکۆ مەولوودی هێرش دەبەنە سەر ماڵی باوکی شەهید سمکۆ مەولوودی بەڵام لە دەسبەسەرکردنی ناوبراودا سەرکەوتوو نابن.
پاشان دیاکۆ بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە ناچار دەبێت کە ڕێگای دوورکەوتنەوە لە زێد و ماڵباتی خۆی بگرێتە بەر و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بهێڵێت.
یەکێک لە سیاسەتەکانی ڕێژیم بەتایبەتی لە پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، گوشارخستنەسەر بنەماڵەی شەهیدانی ڕیگەی ڕزگاری و بەتایبەتی بنەماڵەی شەهیدانی ئەم بزووتنەوەیە بوو تاکوو کۆمەڵگەی پێ چاوترسێن بکات.
ئیسماعیل مەولوودی ناسراو بە سمکۆ ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری مەهاباد شەهید کرا.