کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئامێزگرتنی گڕکان

11:39 - 16 سەرماوەز 2724

لە ئامێزگرتنی گڕکان

کەریم پەرویزی

ڕەنگە پێش لە نووسینەوە هەر وەها بووبێ بەڵام لە یەکەم چرکەساتەکانی بەرەبەیانی مێژووەوە تاکوو ئێستا، پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان پڕ لە ئاڵۆزیی بووە کە لە نێوان پێویستی بە یەکتری و وەکوو دژبەر چاولێکردن لەیەک لە هاتووچوودا بووە!

لە لایەکەەوە مرۆڤەکان پێویستییان بە یەک بوە بۆ بەردەوامبوون لە سەر مانەوە لە جوغرافیایەکی پڕ لە دڕندە و بوونەوەرەکان و کارەساتەکاندا و لە لایەکەوە هەموو کەرەستە و شتومەک و پێداویستیەکانی درێژەدان بە ژیان سنووردار بوون و بۆیە ژیانی مرۆڤێک بە مانای کەمکردنەوەی بەشی مرۆڤی دیکە بووە! ئەم دوو رەهەندییەی ژیانی مرۆڤ واتا پێویستی بەیەکتر و لەهەمانکاتدا وەکوو رکەبەر بینینی یەکتر مێژوویەکی سەیر و سەمەرەی لە خۆشەویستی و پێکەوەبوون و لەهەمان دەمدا پڕ لە تاوان و یەکتر لەنێو بردن دروست کردوە!

لەم گۆڕەپانە پڕ ئاڵۆزییەدا چەمکی جۆربەجۆر خولقاون و هەرکام بە شێوەیەک شیکردنەوەی دۆخێک و ئاواتێک و رقێک بوون!

یەکێک لە گرنگترین چەمکەکان بریتیە لە ئاسایش یان ئەمنیەت یان پارێزراوی!

ئاسایش لە ژیانی مرۆییدا بریتیە لە ئەرخایەن بوون بە بەردەوامی! جا ئەم ئەرخایەنبوونە دەتوانێ بواری تەندروستی بگرێتەوە تاکوو دەگاتە ئەرخایەنبوون لە دابینکردنی خۆراک تاکوو ئاسایشێ نەتەوەیی و نیشتمانی. لەهەموو رادە و رێژەکانیدا چ بگا بە ئەرخایەنبوون لە تەندروستیی زارۆکی بنەماڵەیەک و دابینکردنی شیری ئەو زارۆکەوە بگرە تاکوو ئاسایشی بۆ وێنە ناتۆ کە وڵاتانی زلهێزی تێدا هاوپەیمانن، هەموویان یەک شتیان دەوێ، دڵنیایی لە بەردەوامییان واتا لە سبەینێیان دڵنیا بن! بۆیە ئاسایش کردەوەی ئەمڕۆیە بۆ دڵنیابوون لە سبەینێ.

بەڵام هەر ئەم ئاسایشە دەتوانێ بە دژی خۆیشی کار بکاتەوە! بێنینە بەرچاومان لە ئەشکەوتە کۆنەکاندا مرۆڤە نێئاندارتاڵەکان ژیاون و لە دەمێکدا یەکێکیان بۆ تێرکردنی منداڵەکەی و دابینکردنی ئاسایشی منداڵەکەی پەلاماری مرۆڤی دراوسێی دەدا و خواردنەکەی لێ دەستێنی تاکوو برسیتەیی منداڵەکەی پێ بڕەوێنێ. بەڵام دراوسێکەی هێرشی دەکاتە سەر و بە بەرد سەری منداڵەکەی پان دەکاتەوە!

لەپێناوی دابینکردنی ئاسایشی منداڵەکەیدا ژیانی منداڵەکەی دۆڕاند!

ئەم چیرۆکە ئاشنایە بۆ ئێستاش، کاتێک دەبینین بۆ وێنە پووتین لە بەرامبەر بەقەولی خۆی زێدەخوازیی ناتۆدا هێرش دەکاتە سەر ئۆکراین و دەیەوێ ئاسایشی رووسیە دابین بکا! بەڵام لە شەڕێکەوە تێوە دەگلێ کە وەکوو گێژاوی نێو رووبار، هەمووشتی رووسیا هەڵدەلووشێ، بە ئابووری و ئەمنیەت و هێزی نیزامی و پێوەندییەوە و تەنانەت رووخانی هیوا و ئاواتەکانی دەیان میلیۆن خەڵکی رووسی!

ئاسایش بەتەنیا دابین ناکرێ و گرێدراوی چەمکێکی دیکەی مرۆڤایەتییە بەناوی مافی ژیانی ئەویتر. مرۆڤی نێئاندارتاڵ بە مەرگی منداڵەکەی تێ گەیشت کە ناتوانێ ئاسایشی خۆی لەسەر حیسابی وەمەترسی خستنی ژیانی ئەویترەوە دابین بکا.

لە کۆمەڵگەی ئێستای مرۆڤایەتیدا ئەم چەمکە واتایەکی هەیە بە ناوی وەکیەکی یان بەرابەری. بەو مانایە کە مافی ژیانی ئەویتر کاتێک رێزی لێ دەگیرێ کە مافی وەک یەکی پێ بدەی. بەرابەری ئەو چەمکەیە کە باڵانسی شەڕ و نەبوونی ئاسایش رادەگرێ. بە بێ بەرابەری ئاسایشێک نایەتە ئاراوە و گەر ئاسایش لەسەر ئەساسی نابەرابەری دابمەزرێ، یانی ستەمێکی قووڵ لە ئارادایە کە هەر ئانوسات دەتەقێتەوە و ژیانی کۆمەڵگە وەکوو گەردەلوول تووشی نەهامەتی دەکا.

لە دۆخێکدا کە ستەم بەرقەرارەو بەرابەری نیە، رەنگە مرۆڤەکان بۆ ماوەیەک بوەستێندرێن یان بە سەرکوت جۆرە بێدەنگییەک زاڵ بکرێ، بەڵام ئەمە بێدەەنگییەکی دڵخواز و ئارامیهێنەر نیە.

بێدەنگییەک لە وڵاتێکی وەکوو وڵاتانی سکاندیناوی هەیە، لە جۆری ئارامییە کە دڵنیان لە سیستمەکە کە مافیان دەپارێزێ، بەڵام بێدەنگیی لە جۆری وەکوو ئێران یان سووریە، بێدەنگییەکی داپڵۆسێنەرانەیە کە هەر ئان و ساتێک دەکرێ بشکێندرێ.

لە دۆخی ستەمی رووت و داپڵۆساندندا، مرۆڤەکان وەها دژی نەزمی داسەپاو دەوەستنەوە ونابەرابەریی داسەپاو وەها وەرەزی کردوون لە ژیان کە پەنا دەبەنە بەر هەر ئامرازێک بۆ وەلانانی ستەمکار و لە هەر دەرفەتێک کە بخولقێ بۆ بەگژداچوونەوەی ستەمکار ناپرینگێنەوە.

دۆخی نابەرابەریی داسەپاو وا لە کۆمەڵگەکان دەکا کە هەڵتەکاندنی سیستمی زاڵ دەبێتە گەورەترین ئاواتیان و هەر بۆیە لە شوێنێکی وەکوو سووریە کە زیاتر لە ٥ دەیەیە دەسەڵاتی کەمینەیەکی ملهوڕ، ستەم لە زۆرینەی خەڵک  و نەتەوەکانی دیکەی نێو سووریەدەکا، خەڵکی وەزاڵە هاتوو باوەش بە گڕکاندا دەکەن!

شەڕی نێوخۆیی و کوشتار و ماڵوێڕانی دڵخوازی مرۆڤە ئاساییەکانی نێو کۆمەڵگە نیە، بەڵام ستەم و بێدادی وەها وەزاڵەیان دێنێ کە بە پێشوازیی هەڵچوونەوە دەچن و باوەش بە گڕکاندا دەکەن تاکوو هەموو پێوەندی و رایەڵکە و ئاسەوارەکانی دەسەڵآتی ستەمکاری پێ بسووتێنن.

بەرەوپێشوازیچوونی گڕکان لەداخی ستەم و بێدادی، دۆخی هەنووکەیی سووریە و داهاتووی ئێرانیشە.