کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنی مایک واڵتز، ڕەخنەگری توندی سازش لەگەڵ ئێران بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەلایەن تڕامپەوە

12:04 - 16 سەرماوەز 2724

هەڵبژاردنی مایک واڵتز، ڕەخنەگری توندی سازش لەگەڵ ئێران بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەلایەن تڕامپەوە

جوویش ئینسایدێر- مارک راد

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراو دۆناڵد ترامپ، مایک واڵتز (کۆماریخواز لە ویلایەتی فلۆریدا) وەکوو ڕاوێژکاری داهاتووی ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشان دەکات و بەو شێوەیە لایەنگرێکی ئیسڕائیل و ڕەخنەگری سازان لەگەڵ ئێران بە کابینەکەیەوە زیاد دەکات. واڵتز کە ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەیالەتی فلۆریدایە، بە قووڵی بەشداری سیاسەتی دەرەوە بووە و خوازیارە وڵاتە یەکگرتووەکان زەختی زۆرتر بخاتە سەر ئێران و بەکرێگیراوە تێرۆریستەکانی.

واڵتز بە چڕیی کاری لە سەر پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا کردووە و بەر لەوەی وەکوو نوێنەری ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێ: کڵاو سەوز بووە ، کارمەندی پێشووی سیاسیی پێنتاگۆن و سەرۆکی کۆمپانیایەکی کەرتی بەرگری بووە، هەروەها سەرۆکی کۆمیسیۆنی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە و هەواڵگریی بووە، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەوانە، ناوبراو پشتیوانێکی نەگۆڕی ئیسڕائیلە.

مانگی ڕابردوو، کاتێک ئیسڕائیل هێرشی تۆڵەئەستاندنەوەی دژی هێرشی هاژەکی بالیستیک لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوە برد، واڵتز پێشنیاری کرد ئیسڕائیل دەبووا هێرش بکاتە سەر دووڕگەی خارک، شوێنی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران، و بنکە ناوکییەکانی لە نەتەنز و پرسیاری کرد ئاخۆ بەرێوەبەرایەتیی بایدن زەختی خستووەتە سەر ئیسڕائیل هەتا "جارێکی دیکە کەمتر لەوە بکات کە لە توانای دایە."

ئەو لە سێپتەمبەردا بە جوویش ئینسایدێری گوت کە وڵاتە یەکگرتووەکان دەبوو زەخت بخاتە سەر حەماس و پشتیوانە ئێرانییەکانی و، بەڕێوەبەرایەتی بایدنی بە "زەختی یەکلایەنە بۆ سەر ئیسڕائیل بە مەبەستی چوونە ژێر باری ڕێککەوتنی ئاگربڕ" لەگەڵ حەماس لە غەززە، تاوانبار کرد. واڵتز هەروەها گومانی خۆی لەمەڕ پێشنیاری ئاگربڕ لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان لە نێوان ئیسڕائیل و حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕی. تەنانەت بەر لە شەڕی غەززە، واڵتز لە مانگی مای ٢٠٢٣ بە جوویش ئینسایدێری گوت کە وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ بە ئاشکرا بڵێ پێش بە ئیسڕائیل ناگری هەتا هێرش بکاتە سەر بەرنامەی ناوکی ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان "لە ڕێگای ئامرازی جۆراجۆر دەبێ بە ئێران نیشان بدا کە تواناییە سەربازییەکانمان بە شێوەیەکن بە ڕاستی دەتوانین زەرەری جیددی بە بەرنامەکەیان بگەیەنین."

واڵتز لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بە جوویش ئیسنایدێری گوت وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستی بە نیشاندانی چاوترسێنکردنی بەهێزتر دژی ئێران هەیە و دەبێ بە ئاشکرا کاردانەوەکانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکایی و ئیسڕائیلی، بە هۆی بەکرێگیراوەکانیەوە ڕا بگەیەنێ و هەروەها پێش بە پشتگیریی دارایی بۆ ئەوان لە لایەن ئێرانەوە بگرێ. ئەو جەختی کردەوە کە کوشتنی قاسم سولەیمانی نموونەیەکی ئاشکرای چاوترسێن‌کردنە.

واڵتز ماوەیەکی دوور و درێژ سەرۆکی هەوڵە جووت حیزبییەکان بۆ زەخت خستنەسەر بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بۆ دستنیشانکردنی دووبارەی حوسییەکان وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانی بوو. لە سەرەتای ئەوساڵ ئەو هەروەها لەگەڵ تاقمێک کەوت کە نامەیەکیان بۆ قەتەر نووسی و هەڕەشەیان کرد سزا دژی ئەو وڵاتە پەسەند دەکەن، بێتوو ئازادکرانی شارۆمەندە ئەمریکاییەکانی بەبارمتەگیراو لە لایەن حەماسەوە مسۆگەر نەکات. ئەو بە جوویش ئینسایدێری گوت کە قەتەر پێویستە "کاری زۆرتر بۆ سەرکوتی چالاکییەکانی حەماس لە وڵاتی ئەواندا بکات."

ئەو نوێنەری کۆنگرە لە ویلایەتی فلۆریدا هەروەها تێکەڵی ئەو هەوڵانە بوو کە داوا لە بەرێوەبەرایەتیی بایدن دەکەن هەتا وەڵامی هەوڵەکانی ئێران بۆ پشتگیریی لە خۆپیشاندانە دژی ئیسڕائیلییەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا بداتەوە و هەڵوێستێکی توندتر دژی دەوڵەتی عێراق، لەبەر پشتگیرییەکانی لە تاقمە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران، بنوێنێ.

واڵتز لە ساڵی ٢٠٢٢ گوتی ئەو دژی هەر هەوڵێک بۆ دانوستان لەگەڵ ئێراندا دەوەستێتەوە و ڕێبەریی پەسەندکرانی یاسایەکی لە کۆنگرەدا کرد کە یاساکانی سەپێنراو لە کاتی سیاسەتی ئەوپەڕی زەختی ترامپدا بهێڵێتەوە، بێ ئەوەی بایدن بتوانێ بە فەرمانی سەرکۆماری، هەڵیانوەشێنێ یان سوپای پاسداران لە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییە بیانییەکان بێنێتە دەرێ.

ئەو هەروەها پشتیوانی سەرەکیی یاسای "مەهسا ئەکت" بوو کە لە وەڵامی کوشتنی مەهسا ئەمینی ٢٢ ساڵە و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، کە بووە هۆی سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر ڕێبەریی ئێران.

پێشتر، لە ساڵی ٢٠٢١، ئەو بەڕێوەبەری هەوڵە جووت حیزبییەکان، بە پشتگیریی ١٤٠ نوێنەری کۆنگرە، لەبارەی ئێران بوو کە لەودا داوا کرا کاردانەوە دژی سەرجەم چالاکییە خراپەکانی ئێران لە بوارەکانی ناوکی، هاژەکی بالیستیک، تێرۆریزم و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، بە شێوەی سیاسی و سەپاندنی گەمارۆ بکرێ.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ جوویش ئینسایدێر لە نێوەڕاستی ٢٠٢٣، واڵتز بە گشتی پشتیوانی مەرجەکانی عەڕەبستانی سعودی بۆ ڕێککەوتنێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل، لە نێویاندا دانی گارانتی ئەمنییەتی و پشتگیریی لە بەرنامەی ناوکی عەڕەبستانی سعودی کرد. پێشتر لەو ساڵیدا، ئەو داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن کرد خێرا باڵوێزێک بۆ ڕێککەوتنی ئیبراهیم دەستنیشان بکات.

جێگای سەرنجە کە واڵتز هەروەها بەرێوەبەری هەوڵی جووت حیزبی بۆ داکۆکی لە پلەی ڕێکخەری ئاسایشی بۆ ئیسڕائیل و بەڕیوەبەرایەتی فەلەستین لە کاتێکدا بوو کە بەڕێوەبەرایەتی بایدن بەتەمای دابەزاندنی پلەی کەسی بەرپرسی ئەو کارە بوو. یەکەم بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ کۆتایی بە پشتگیریی دارایی لە مەئمورییەتی ڕێکخەری ئاسایشی کردبوو. واڵتز هەروەها لایەنگری بەرنامەی هاوکاریی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل بووە. ئەو بۆ ماوەی چەند ساڵ هەوڵی داوە یاسایەک پەسەند بکرێ بۆ دامەزراندنی پرۆژەیەکی هاوبەش لەبارەی نەخۆشی پاش ڕووداوی ناخهەژێن، بەڕێوەبەری پەسەندکرانی یاسا بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ناوندی توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لەمەڕ ژیریی دەستکرد و سەرۆکی هەوڵەکانی پشتگیریی لە بەرنامەکانی بەرگریی هاژەکی بووە.

ئەو هەروەها پشتیوانی سەرەکیی هەوڵەکان بۆ ڕەخنەگرتن لە فراکسیۆنی چەپی کۆنگرە بووە و ئەوانی بە پەرەپێدانی هێرشی دژی جوولەکە لە وڵاتە یەکگرتووەکان و پشتیوانیی لە تێرۆریزم تاوانبار کردوە.

ئەو بەگشتی لایەنگری تەرخانکردنی بودجەی پێویست لە بواری بەرگریدا بووە و لە جانیوەری ٢٠٢١ بە جوویش ئینسایدێری گوت، وڵاتە یەکگرتووەکان ناتوانێ بودجە بە شێوەیەک کەم بکاتەوە کە کاریگەریی لەسەر توانایی ئەو وڵاتە بۆ "چاوترسێن کردن و کێبڕکێ لەگەڵ چین، ڕوسیە، ئێران، کۆرەی باکوور و تێرۆریزمی جیهانی" هەبێ یان کاریگەریی نەرێنی لەسەر هێزە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان هەبێ.

مایکڵ مەکۆڤسکی، سەرۆکی ئەنستیتۆی جوولەکە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، دەستنیشان‌کرانی واڵتزی وەک "دەستنیشان کردنێکی نایاب" وەسف کرد. ماکۆڤسکی گوتی، "ئەو فرە ژیر و جیددییە، پشتیوانێکی بەهێزی ئیسڕائیلە، ناسازشکار لە بەرانبەر چین و ئێران، بە پەیوەندییەکی باشەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو ترامپ. ئەو یارمەتی ترامپ دەکات تا توانایی چاوترسێن‌کردنی وڵاتە یەکگرتووەکان بگەڕێنێتەوە سەر دۆخی پێشوو، کە بەتوندی لاواز کراوە، زەخت دەخاتە سەر ڕێژیمی تاران و، پشتگیریی لە ئیسڕائیل دەکات بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان گەشە پێ بدا."

جەیسۆن برادسکی، بەڕێوەبەری سیاسەتی ئەنجومەنی یەکگرتوو دژی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەستنیشان‌کرانی واڵتز بە "هەڵبژاردنێکی نایاب وەسف دەکات و دەڵێ واڵتز لایەنگرێکی بەهێزی ئەوپەڕی زەخت دژی ئێران و هاوپشتیوانی سەرەکی بۆ پەسەندکرانی یاسای مەهسا بووە." سەرۆکی ئەنجومەنی یەکگرتوو دژی ئێرانی ناوکی، جێب بوش دەڵێ واڵتز "نیشتیمانپەروەر" و "بربژێرێکی نایابە".

سەرەڕای ئەوە کە واڵتز بە گشتی ڕوانگەی کۆنباوی لەمەڕ سیاسەتی دەرەوە هەیە، ئەو زۆرتر حەزی بەلای ئەو تاقمەی نێو حیزبەکەیدا هەیە کە خوازیاری سنووردارکردنی یارمەتییەکان بە ئۆکراینن. ئەو لە سێپتەمبەری ٢٠٢٣ لە وتارێکدا گوتی لەسەر ئەو بڕوایەیە بێتوو ئوکراین تووشی نسکۆ ببێ، ڕووسیە لە هەوڵی هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناتۆ دەبێ و جەنگی جیهانیی سێهەم هەڵدایسێنێ. بەڵام ئەو بەڕێوبەرایەتیی بایدنی بەوە تاوانبار کرد کە لە دیاریکردنی ئامانجێک یان ستراتێژییەکی قابیلی دەستپێڕاگەیشتن بۆ ئوکراین شکستی هێناوە. ئەو هەروەها گوتی یارمەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ "لێرە بەدواوە بە دابەشکردنی بارگرانیی لەگەڵ ئورووپا و پشتگیریی یەکسان لە لایەن ئورووپاوە گرێ بدرێ." واڵتز لەو دواییانەدا گوتوویەتی وڵاتە یەگرتووەکان دەبێ زەخت بێنێ تا ئۆکراین و ڕووسیە پێکەوە دانوستان بکەن، بەڵام بێتوو ڕووسیە خۆ لە دانوستان ببوێرێ، دەبێ چەکوچۆڵی زۆرتر بۆ ئوکراین دابین بکرێت، بە سنووردار کردنی کەمترەوە.

جێف بارتۆس، ئەندامێکی جوولەکەی کۆماریخواز کە بۆ هەڵبژێردران بۆ ئەنجومەنی پیران لە پێنسیلڤانیا خۆی بەربژێر کردبوو، بە جوویش ئینسایدێری گوت کە واڵتز "دەستنیشان‌کردنێکی فرە نایابە. ئێمە بە یەکەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ترامپ لە پێنسیلڤانیا حەوتووی پێش هەڵبژاردن بەشدار بووین. لەهەر شوێنێک وێستاباین، مایک کاتی بۆ قسەکردن لەگەڵ هەر کام لە دەنگدەران تەرخان دەکرد و سەرنجی تایبەتی دەدا بە جەماوەری خاوەن ئەزموون لە جەنگدا. مایک بۆخۆی کەسێکی خاوەن ئەزموون لە بەشداریی لە جەنگ‌دایە، یەکەم کەسێک کە ئەندامی هێزە تایبەتییەکان بووە و پاشان بوەتە ئەندامی کۆنگرە و ستراتێژیستێكی فرە ژیرە. ئەو پشتێوانێکی نەگۆڕی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیلە و لە ڕوانگەی بەربەرەکانی لەگەڵ دژبەرانی جوولەکە، بێوێنەیە."