شیرکەتی میللیی گازی ئێران لە درێژەی قەیرانی وزە لە ئێراندا هۆشداری داوە کە ئێستا بەکارهێنانی گاز لە دۆخێکی مترسیداردایە.
ئەو شیرکەتە لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەز ڕایگەیاند، کەشوهەوای زۆر سارد و زۆربەکارهێنانی گازی سروشتی بەتایبەتی لە کەرتی نێوخۆ و بازرگانی و پیشەسازیدا" دوو هۆکاری سەرەکین لە دروستبوونی قەیران لەم بوارەدا.
بەرپرسی شیرکەتی گاز ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما لە ئێران لە حەفتەی ڕابردوودا، بەکارهێنانی گاز لە ئێران گەیشتووەتە ٥٠٠ میلیۆن میتری سێجا کە ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٥٠ میلیۆن میتری سێجا واتە ١٠٪ زیادی کردووە.
ئەو هۆشدارییە لەلایەن شیرکەتی گازی ئێرانەوە لەکاتێکدایە کە شارە جیاوازەکانی ئێراندا بەشێوەی بەرنامە بۆ دارێژراو، پچڕانی کارەبا ڕوو دەدات.
لە ساڵانی ڕابردوودا کێشەی دابینکردنی کارەبا و گاز بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ڕێژیم و سەرەڕای پاشکەوتی گەورەی گاز، کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و لاوازیی بەڕێوەبردن، ناهاوسەنگیی لە کەرتی وزەدا زیاتر کردووە.
لە هەلومەرجێکدا کە کارناسان لەسەر کێشەی دابینکردنی گاز و کارەبا هۆشدارییان دەدا ، بەرپرسانی ڕێژیم نەیتوانیوە پێشبینی ڕێگا چارەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بکەن.