کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەریبا بەلووچ: ڕەوتە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات پێویستە ژیرانە لەهەمبەر ئەو ناکۆکییانەدا مامەڵە بکەن کە ڕێژیم دەیاننێتەوە

12:48 - 16 سەرماوەز 2724

فەریبا بەلووچ: ڕەوتە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات پێویستە ژیرانە لەهەمبەر ئەو ناکۆکییانەدا مامەڵە بکەن کە ڕێژیم دەیاننێتەوە

دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: کورد و بەلووچ دوو نەتەوەی ستەملێکراو بە چارەنووسێکی هاوشێوەن. ئەم دوو نەتەوەیە خاکەکەیان لەنێو چەند وڵاتی ناوەندگەرادا بەشکراوە سیستماتیک ماف و ئازادییەکانیان لەلایەن ئەم حکوومەتانەوە پێشێل کراوە. "کوردستان" بۆ باس و بابەتێکی تایبەت بە چارەنووسی ئەم دوو میللەتە و کۆمەڵێک پرسی سیاسی ڕۆژەڤ وتووێژێکی لەگەڵ خاتوو فەریبا بەلووچ، چالاکی مافی مرۆڤ پێک‌هیناوە.

خاتوو فەریبا بۆچی ڕێژیم داخوازی ڕەوای خەڵکی بەلووچستان و کوردستان بە "جیاییخوازی" له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات؟

ئەم پرسە بۆ هەموو که‌س ڕوونه‌ کۆماری ئیسلامیی ڕێژیمێکی تۆتالیتێری ئیدۆلۆژییە کە دەیەوێ جۆغرافیای هەمەچەشنی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ نەتەوەیەکی خاوەن شوناسێکی هاوبەش لەوانەش زمان و کولتوور بگۆڕێت. لەدژی ئەم بیرۆکه‌ تۆتالیتێرییانە، هەرکەسێک لە هەرکام لەو نەتەوانەی لە ئێراندا دەژین دژایەتی ئەم ئیدۆلۆژییە بکات و ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێت کولتوور و زمان و ناسنامەی مێژوویی و یەکسانی یاسایی خۆیان بپارێزن، بەرهەڵستیان دەبنەوە و هەوڵ دەدەن تۆمەتەکانی وەک "جیاییخواز" و "تیرۆریست"، بەتایبەتی بدەنە پاڵ گەلی کورد و بەلووچ، وا بنوێنن کە ئەم خەڵکە بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران مەترسیدارن و دەبێت کۆنترۆڵ و سەرکوت بکرێن. بابه‌تیەکی دیکەش ئەوەیە -بە تایبەتی لە به‌لووچستاندا- ڕێژیم بەهۆی ئەم پرسە ئیدۆلۆژییەوە هەمیشە خەڵکی بەلووچیان لە دەستپێڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین پێداویستییه‌کانی ژیانیان بێبەش کردوە و یەکێک لەو هۆکارانەی بۆ نموونە دەیەوێت پاساو بۆ ئەم پرسە بهێنێتەوە  هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ بۆ پەردەپۆشکردنی ناکارامەیی خۆیان بەرانبەر بە هەڵاواردنی سیستماتیکی خەڵکی به‌لووچستان لەم هەموو ساڵەدا، دەست بەم سەرکوتکردنە دەکەن و بە جوداییخواز و تێرۆریستیان دەزانن، بۆ ئەوەی پاساوێکیان بۆ بێبەشکردنی ئەو کەسانە کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئەنجام دەدرێت، هه‌بێت.

ئەدی هۆکاری چڕبوونەوەی سەرکوتی خەڵکی به‌لووچستان بە تایبەت دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" چییە؟

لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی سیاسەتی بێبه‌شکردن، سەرکوت و گوشاری بەسەر خەڵکی به‌لووچستاندا سەپاندوە و بە بێدەنگییەکی تەواو جێبەجێی کردووە. واتە نەک هەر لە نێوخۆی ئێران بەڵکوو لە میدیاکانی دەرەوەی ئێرانیشدا ڕووماڵیان نەکراوە و هەمیشە لەسەر بنەمای هەمان پێناسە له‌ خەڵکی به‌لووچستان، ڕای گشتییان سەرقاڵ کردوە، بۆ ئەوەی خۆیان لە نزیکبوونەوە لە به‌لووچەکان بە دوور بگرن و بتوانن بەئاسانی لەم وڵاتەدا لە ستەمکارییەکانیان به‌رده‌وام بن. واتە ئەو هەموو ساڵە هەوڵیان دابوو سەرکوتی خه‌ڵکی به‌لووچستان په‌رده‌پۆش بکەن بۆ ئەوەی دەنگی ئەم نه‌ته‌وه‌ ستەملێکراوە نەگاتە گوێی جیهان و لە ڕێگەی میدیا یان هەر ئامرازێکەوە دەستیان پێ گه‌یشتبێ هەوڵیان داوه‌ وێنەیەکی ناڕاست له‌ خەڵکی به‌لووچستان لە میدیاکان، فیلم و سینه‌مایه‌کاندا نیشان بده‌ن، گەلی بەلووچ بە شێوەیەکی تەواو هەڵبەستراو و فریودەر لەنێو خەڵکدا ڕیکلام و بانگەشەی بۆ دەکرا بۆ نموونه‌ وەکوو تیرۆریست و قاچاخچی. بەڵام لە ڕاستیدا بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" گەورەترین گورزی له‌ دەسەڵات دا بۆ شکست‌پێهێنان بە سیاسەتی سانسۆری ئەم ڕێژیمە. بۆیە یەکێک لە دەسکەوتە گرینگەکانی ئەم بزووتنەوەیە نزیکبوونه‌وه‌ی نەتەوەکانی ئێران بوو، ئەو نەتەوانەی بە شێوەیەکی سیستماتیک لە هەموو ئەو ساڵانەدا پەراوێز خراون و بەتایبەت هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی خوێناویی زاهیدان وەکوو بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی بەلووچ لەلایەن پارێزگاری پۆلیسی چابەهارەوە، لە هەمان کاتیشدا میدیاکان خەریکی ڕووماڵکردنی پرسەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوون. بابه‌تی هه‌ینی خوێناویی زاهیدان کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەم بابه‌تە، نەتوانرا چاوپۆشی لێ بکرێت، لە سەرەتادا ئه‌وه‌ی که‌ ڕێژیم ئەو تاوانانەی له‌ هەینی خوێناویی زاهیدان ئەنجام دا، پێمان وایە لەبەر ئەوە بووە کە ویستویەتی له‌و ڕێگه‌وه‌  شارەکانی دیکەی ئێران بترسێنێت.

مەبەستتان ئەوە بوو بە سەرکوتی خوێناویی بەلووچەکان پاشەکشە بە ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بکات؟

بەڵێ بۆ تۆقاندنی خەڵک بوو. ئەوان پێیان وابوو بۆ نموونە ئەگەر شاره‌کانی دیکه‌ درێژە بە خەبات بده‌ن، ئەو جۆرە سەرکوتکردنە چاوەڕێیانه‌ و بۆ ترساندنی خه‌ڵکی دیکه‌ کێ باشتر له‌ خه‌ڵکی به‌لووچستان، به ڵام له‌ هیچ کوێیه‌ک گوێیان نه‌دایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌و پیلانه‌ له‌نێوچوون و که‌س وه‌کوو جاران بڕوای به‌م پیلانه‌ نه‌کرد، به تایبەتی به‌رخۆدانی مه‌ده‌نیی خه‌ڵکی به‌لووچستان که ڕێژیم له دوای ئه‌و سه‌رکوت و چاوترساندنانه‌ چاوەڕوانیی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بێنه‌وه‌ سه‌ر شەقام و بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بە شێوەیەکی مەدەنییانە بەهۆی ئەو هەموو ساڵه‌ چەوساندنەوە و بێبەشی و گوشارەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەریاندا هێنابوو سه‌رنجی نیوه‌‌ی جیهان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانیی ئەوەی هەبوو هەندێک گرووپی چەکداری کە هەمیشە باسی دەکات و لێی دەترسێت، بێن و خەڵک بە بیانووی ئه‌وانه‌وه‌ سەرکوت و ململانێکان زیاتر بکات و بڵێن ئەمانە گرووپی تێرۆریستین، بەڵام ئەمە لە به‌لووچستان ڕووی نەدا، و بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک خەڵک هەموو هەینییەک دەهاتنە دەرەوە و تەنیا بە هەمان دروشمیان دەوته‌وه‌ که‌ له‌ شوێنەکانی دیکەش ده‌وترایه‌وه‌، دادخوازیی بۆ خوێنی شەهیدان و برینداره‌کان بوون، تەنانەت کاتێک کۆماری ئیسلامی دوای یەک مانگ کۆمەڵکوژییەکی خوێناوی لە خاش ئەنجامدا، هێشتا خەڵک درێژەیان بە خەباتی مەدەنی خۆیان دا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵکی جیهان بۆ یەکەمجار چاو لە خەڵکی به‌لووچستان بکەن و بزانن ڕێژیم لەوێ چ تاوانێکی خوڵقاندوه‌. ئەمەش ئەوە بوو کە ڕێژێم لێی دەترسا و نەیده‌ویست ڕووبدات، بەڵام لە کۆتاییدا ڕوویدا، و دواتر ڕێژێم بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ ده‌ستی کرد به‌ سەرکوت و لەسێدارەدان و کوشتنی ڕۆژانەی سووته‌مه‌نبه‌ره‌کان و به‌و شێوه‌یه‌ وڵامی پرسی بەرخۆدانی مەدەنی لە به‌لووچستان دایەوە دۆخی خەڵکی بێ ناسنامه‌ی به‌لووچستان لە پێشوو خراپتر بوو، تەنانەت دەرکردنی خەڵکی ڕەسەن لە به‌لووچستان و چەندین ڕووداوی دیکە کە ڕۆژانە شاهیدی دەبین و ئەمەش تەنها بەهۆی بەرخۆدانی مەدەنی خەڵکی به‌لووچستانەوە بوو.

بە بۆچوونی ئێوە نەتەوە چەوساوەکانی ئێران بە تایبەت کورد و بەلوچ لەم دۆخە هەستیار و قه‌یراناوییه‌ی وڵاتدا چۆن ده‌توانن هەنگاوێکی کاریگەر بەرەو مافەکانیان هه‌ڵبێنن؟

هەموو ئەو نەتەوانەی لە ئێراندا دەژین چارەنووسیان بە یەکتره‌وه‌ گرێ دراوه‌، واتە هیچ کام لەو نەتەوانەی لە ئێراندا دەژین، تەنانەت نەتەوەی فارسیش، تا هاودەنگی و هاوکاری لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئەم وڵاتەدا نەبێت، ناتوانن لە بەدیهێنانی مافە ئینسانییەکانیاندا سەرکەوتوو بن. بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرامبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی داهاتوودا پێکهاتەیەکی حکوومی دابمەزرێنن کە مافە مرۆیی و مێژووییەکانیان بە شێوەیەکی دروست و لەسەر بنەمای پێوەری نێودەوڵەتی، هاوسه‌نگی نەتەوە یەکگرتووەکان و  ڕێککەوتننامەکان دابین بکه‌ن. هه‌روه‌ها هاوپشتی له نێوان نه‌ته‌وه‌ و چینه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به دڵنیاییه‌وه‌ یه‌کێک له پێکهاته سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌م پێکهاته‌ تۆتالیتێره‌یه‌، که به‌خته‌وه‌رانه‌ ده‌تواندرێت بڵێین ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئه‌م جۆغرافیایه تێگه‌یشتن و دانپێدانانێکی دروستیان له‌گه‌ڵ ڕێژیم و سیاسەتی دووبه‌ره‌کی‌نانه‌وه‌ په‌یدا کردوه‌. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەگەر ئەم هاوپشتی و هاوکارییەی نێوان نەتەوە ستەملێکراوەکان دروست ببێت، ئەنجامەکەی دەتوانێ هەنگاوێکی کاریگەر بێت بۆ گەیشتن و نزیکبوونەوە لە داخوازییەکانی ئێمەی ئازادیخواز چونکە لە ڕاستیدا ئەو نەتەوانەی لە ئێراندا دەژین هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتردا نییە و هەر ئەم ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ن کە هۆکاری سەرەکی ناکۆکی نێوان خەڵک و نەتەوە جیاوازەکانی ئێرانن، بۆ ئه‌وه‌یکه‌ بە جۆرێک هاوپشتی و یەکگرتوویی نێوان نەتەوەکان پێک نه‌یه‌ت تا دەسەڵات به‌ره‌و لێواری داڕمان نزیک بکاتەوە و لەم ڕووەوە پرسی شتێکی تریش گرینگه‌ ئه‌ویش ئەوەیە کە ڕەوتە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات دەتوانن بە یەکدەنگ ئەم هاودەنگییە دروست بکەن و ژیرانە بەرامبەر ئەو ناکۆکییانە مامەڵە بکەن کە ڕێژیم ڕۆڵێکی کاریگەر لە دروستکردنیان دەگێڕێت. بەجۆرێک کە سەرکردەکانی ڕەوتە سیاسییەکان دەبێ زۆر تیژ و دووربین بن و وزەی خۆیان لەسەر ئەو پرسە تایبەتانە چڕبکەنەوە، هەمان ئەو پرسە تایبەتانەی کە حکوومەتەکان و ئەم دەسەڵاتدارە تۆتالیتێرانە هەوڵی دروستکردنی جیاوازی لە نێوان گەلانی نیشتەجێی ئێران دەدەن، بۆیە دەتوانرێت بڵێین ئەم هاوپشتییە ڕێگەیەکی بنیاتنەر و کاریگەرە کە ڕەوتە سیاسییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی جەوهەری بگێڕن لە بەدیهێنانیدا، کە دواجار ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشە، کە ئه‌ویش ئازادییە و ئەوە بۆ خۆشکردنی ڕێگه‌ بۆ دادپەروەری و مافی نەتەوە چەوساوەکان خۆش ده‌کات.

شیکردنەوەتان بۆ دۆخی سیاسی وخه‌باتی ئێستای به‌لووچستان، بەتایبەتی دوای "شۆڕشی ژینا" چییه‌؟

بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" یان شۆڕشی ژینا، کە بە بۆچوونی من شۆڕشێک بوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەموو خەڵکی ئێران هەبوو و کۆمه‌ڵگه‌ی به‌لووچستانیش له‌و کاریگه‌رییه‌ بەدەر نەبوو، هەرچەندە دوای هەفتەیەک، کۆبوونەوەی خوێناوی زاهیدان ڕووی دا و شێوه‌ی خەباتەکەی هەموو خەڵکی زاهیدانی گۆڕی، بەڵام لەوە بێبەری نەبوو ئێمە لە شۆڕشی ژینادا شاهیدی ئەوە بووین کە ژنانی بەلووچ کە تەنانەت پێش کۆبوونەوەی خوێناویی زاهیدان هاتنە سەر شەقامەکان، بۆشایی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان بە دروستکردنی ماڵپه‌ڕ و دروشم‌نووسین لەسەر دیوارەکان ته‌نییه‌وه‌. و بە شێوازی جیاواز ویستی خۆیان دەربڕی، بەو شێوەیەش ئەو لێدوانانەی دەیاندا، پیاوانی ئایینیان ناچارکرد لە لێدوانه‌کانی خۆیاندا باس لە مافی ژنان بکەن و تەنانەت بابەتی گرینگی جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت، کە پێشتر نەمانبینیبوو، به‌ڵام پیاوانی ئایینیی کاریگەر له‌ به‌لووچستان که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی  چووکه‌تر، نه‌ریتخواز و مه‌زهه‌بیتره‌ له‌چاو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌وه‌، کرا و ئه‌وه‌ش بابه‌تێکی زۆر گرینک بوو که‌ به‌رهه‌می ئەم بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" یان شۆڕشی "ژینا" بوو. بۆیە پێم‌وایە ئەم ژنانە و ئەم بزووتنەوەیە زۆر شتیان ڕوون کردۆتەوە که‌  من هەمیشە دەڵێم دەتوانین کۆمەڵگه‌ی خۆمان یان تەواوی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران لە پێش شۆڕشی ژینا و دوای شۆڕشی ژیناوە دابەش بکەین، واتە به‌لووچستان لە بواری بابه‌ته‌ سیاسییەکاندا بێبەری نییە، خەڵک لە به‌لووچستان ڕێک ساڵ و نیوێک خەباتی مەدەنییان لە شەقامەکاندا هەیە، ئەوان نیشانیان دا کە خەڵکی به‌لووچستان هەندێک جار سیاسی و تەنانەت لە ڕووی سیاسیشەوە ئامادەن بۆ قبوڵکردنی ئەو پێشهاتە گشتیانەی کە بڕیارە لە ئێراندا ڕوو بدەن. لەو دوو ساڵەدا زۆرێک لە شەهیدان بەم شێوەیە کوژران و خوێنیان ڕژا، بەڵام جیهان چاوی بەڕووی کێشەکانی خەڵکی به‌لووچستاندا کردەوە و ئەمەش وایکرد خەڵکی بەلووچستان له‌ دوای شۆڕشی ژینا پرسی دادخوازی و داواکارییەکانیان زۆر بە شێوه‌ی ڕوونتر ببینرێت، بە بۆچوونی من ئەمە بابەتێکی زۆر بەنرخە و دەبێت بگوترێ ئەو پرسانەی لە هەموو ئێراندا ورووژێنراون زۆر جیاوازن لە پرسەکانی به‌لووچستان، چونکە خەڵک لە به‌لووچستانی ئێمەدا خەبات دەکەن بۆ مانەوە. واتە بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان، کە تەنانەت دەکرێ بڵێین بارودۆخیان جیاوازە لە کوردستان، چونکە ئێمە خەبات بۆ مانەوە دەکەین، بەڵام ئەوەش دەبینین کە ڕۆشنبیران و ژنان و چالاکانی مەدەنیش داواکارییەکانی خۆیان بەرز دەکەنەوە.

ئێمه‌ وەکوو دژبه‌رانی ڕێژیم لە سه‌نگه‌ره‌ جیاجیاکان و خاوه‌ن ڕه‌وتی سیاسی و فیکریی به‌ربڵاو و جیاوازه‌وه‌، چۆن دەتوانین سەرنجی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و یەکیه‌تیی ئورووپا بەرەو پرسی نەتەوە چەوساوەکانی ئێران ئاراستە بکەین؟

بوونی ڕه‌وتی بەربڵاوی سیاسیی نەتەوە ستەملێکراوەکان لە ئێران کە لە دەرەوەی وڵاتن و بەشێکیشیان لە وڵاتانی ئورووپادان بەتایبەتی دوای شۆڕشی ژینا بوونیان زۆر بەرچاو بوو و بوونی ڕەوتە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی هەمەچەشنی ئێران زۆر گرنگ و بنچینەییە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو تاوانە و جینایه‌تانه‌ی کە کۆماری ئیسلامی بەنیسبه‌ت نەتەوە چەوساوەکانی ئێرانه‌وه‌ دەیکات، له‌ قاوی بده‌ن و دەنگی دادخوازی ئه‌وان بن، وە ئەمەش پەیوەستە بە ڕێکخراوە سیاسییەکانی دەرەوەی ئێران و ئەو کەسایەتیانەی کە لە ڕاستیدا سەر بەم نەتەوە چەوساوانه‌ی ئێرانن و نیشته‌جێی وڵاتانی ئورووپاین. ڕێکخراوەکانی کورد، بەلووچ، تورک، عەرەب، تورکمان و هەموو ئەوانەی لێرەن، پێویستە جۆرێک لە هاودەنگی و هەماهەنگیی بە کردەوە پیشان بدەن، کە لەگەڵیدا بتوانن پەیامێک بن بۆ گەلی خۆیان بن و ئەو هاودەنگییە دروست بکه‌ن. لە ڕاستیدا لێرەدا ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی پێشەنگ و پێشکەوتنخواز، زۆر کاریگه‌ر ده‌بێت و وەکوو لە پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێدا، چونکە ئێمە ئەو هاواهەنگییە لە نێوان خەڵکی نێوخۆی ئێراندا دەبینین زۆر گرینگە ئەو هاوئاهەنگییەش لە دەرەوەی ئێران ڕووبدات، واتە کاتێک خەڵکی سەر شەقام داوای دەکەن پێویسته بتوانین بۆ یه‌که‌مجار ناکۆکییه سیاسییەکانمان وه‌لابنێین بۆ ئامانجێکی هاوبه‌ش و گه‌وره‌تر، و سه‌ره‌ڕای بوونی حیزب و ڕه‌وتی سیاسی جیاواز، له ڕێکخستنێکی هه‌موو لایه‌نه‌کانی سه‌ر به‌  به نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، پێکه‌وه‌ کۆ ببنه‌وه تاکوو بتواندرێت ئەو یەکگرتوویی وهاودەنگی و هاوسەنگییە بە کۆمەڵگەی جیهانی نیشان بده‌ن. به ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مووکات له ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌یبینین ته‌نیا جیاوازی بیروڕایه و به‌داخه‌وه‌ هه‌موویان له‌ هه‌وڵی دووبه‌ره‌کی و دابه‌شبووندان.

به‌بۆچوونی ئێوە کێ یان کام لەو ڕه‌وته‌ سیاسییانه‌ بەربەستن لە له‌ به‌رده‌م بزووتنەوەی مافخوازانه‌ی گەلانی ستەملێکراو لە ئێراندا؟ و چۆن گەلانی چەوساوە ده‌توانن بەسەریدا زاڵ بن؟

ئەوانەی خاوەنی بیرکردنەوە و ئیدۆلۆژیی تۆتالیتێریین و دەیانەوێت هەموو ئێران بکەنە یەک نەتەوە، زمان، کولتوور و... لە ڕاستیدا ئەم بەشە توندڕەوە، چ لە نێوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی ئێران دەبنە بەربەستێک لەبەردەم هاودەنگی و یەکگرتووییی زیاتری نەتەوەکان لە ئێراندا. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا کردەوه‌یەکی هاوبەشی کردەیی لەلایەن هەڵسوڕاوانی سیاسی گەلانه‌ زۆر گرینگ و کاریگەر دەبێت، چونکە لە لایەک ڕێگایەک بۆ نەهێشتنی ئەو بیرە تۆتالیتێرییانە و نزیککردنەوەی گەلانی ستەملێکراوی ئێرانی لێی دروست دەکات، و لە لایەکی ترەوە هەنگاوێک دەبێت بەرەو هەمان ئامانجی هاوبەش کە ئازادیی گەلانی چەوساوەیە.

خاتوو فەریبا سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا

سپاس بۆ ئێوە کە ئەو دەرفەتەتان بۆ من ڕەخساند لەگەڵ خوشک و برا کوردەکانم قسە بکەم