بەناو پرۆژەیاسای "پاراستنی خێزان لە ڕێگەی بەرەوپێشبردنی ڕۆشنبیری و حیجاب و عیفاف" ناسراو بە پرۆژەیاسای حیجاب، لە ٧٤بڕگە و ٥ بەشی گشتیدا وەک یاسا پەسەند کرا.
بە وتەی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بەپێی بڕگەی ٧٤ی ئەم یاسایە ماوەی تاقیکردنەوەی ئەو یاسایە بۆ ماوەی سێ ساڵ دیاری کراوە.
بە پێی بڕگەی ٥ی ئەم یاسایە بەرهەمهێنانی چارشێو و مەقنەعەی ڕەش بەپێی ستانداردە پەسەندکراوەکان وەک چالاکییەکی فەرهەنگی پێناسە دەکات و ئیمتیازاتی خۆی هەیە.
بەپێی بڕگەی ١١ی ئەو یاسایە گرنگیدان بە پرسی حیجاب و عیفاف وەک ئێمتیازی هەڵبژاردن و ناساندنی خوێندکاری نمونەیی لە زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دێتە ژمار، و لەلایەکی دیکەوە بە لەبەرچاوگرتنی هەر پێشێلکارییەک یان ئەنجامدانی تاوانێک لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا، بە پشتبەستن بە دەستنیشانکردنی حەراسەتی زانکۆکان ئەو پێشێلکارییە دەچێتە سەر پەروەندەی ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکاندا.
ڕاگەیانندی وردەکارییەکانی ئەم یاسایە، کاردانەوەی زۆری بەدواوە بوو. ژمارەیەک لە یاساناسان و پارێزەران ئەمەیان بە یاسایەکی جێگەی شەرم ناو بردووە و بە هاشتەگی ئاپارتایدی ڕەگەزی ڕەخنەیان لێ گرتووە و ژمارەیەکیش ئەم یاسایە بە مێکانیزمێک بۆ ترساندن بە مەبەستی سەرکوت ناو دەبەن.
هەر لەم پێوەندییەدا، ژمارەیەک لە کارناسانیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە، ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگە زیاتر دەکاتەوە.