کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێکهەڵچوونە نێوخۆییەکانی سووریە/ دژبەرانی ئەسەد لە دەمێشق نزیک دەبنەوە

11:32 - 17 سەرماوەز 2724

 

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا گرووپە چەکدارەکانی دژبەری دەوڵەتی بەشار ئەسەد، پاش داگیرکردنی شاری حەما بەرەو حۆمس بەڕێ کەوتن.

لە دوای دەسپێکی خولی نوێی شەڕ و تێکهەڵچوونە نێوخۆییەکانی سووریە لە دوو حەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی ئەرتەشی ڕێژیمی بەشار ئەسەد کە لەلایەن ئێران و ڕووسیەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت لە پاشەکشێکردن بەردەوامن و گرووپە جیهادییە دژبەرەکانی ئەسەد لە باکوور، باشوور و ناوەندی سووریەوە خەریکی داگیرکردنی شارەکان و پێشڕەوی بەرەوە دەمێشقی پێتەختن.

ڕۆژی ڕابردوو چەکدارانی گرووپی جیهادیی "تەحریروشام" توانیان شاری ستراتێژیکی حەما داگیر بکەن و هێزەکانیان بەرەو حۆمس، سێیەمین شاری گەورەی سووریە وەڕێ بخەن.

هێزەکانی ئەسەد بۆ پێشگرتن بە گەیشتنی دژبەران بە حۆمس پردێکی سەرەکی لە ڕێگەی نێوان دوو شاری حۆمس و حەمایان تەقاندەوە.

گرووپی تەحریروشام ساڵی ٢٠١٦ی زایینی لە ڕێکخراوی "جبهەتولنوسرە" کە لقی سووریی ڕێکخراوی تێرۆریستیی ئەلقاعدە بوو پێک هات.

هاوکات لەگەڵ شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی گرووپە جیهادییەکان و ڕێژیمی ئەسەد، هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی سووریە توانیان پارێزگای دەیرەزوو لە ژێر دەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد ئازاد بکەن و شاری گرینگی بووکەماڵ لە سەر سنووری عێراق و سووریە کۆنتڕۆڵ بکەن.

شاری بووکەماڵ لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینییەوە پاش دەرکردنی هێزەکانی داعش بوو بە سەرەکیترین ڕێگەی گواستنەوەی چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی لە عێراقەوە بۆ سووریە.

لە ئێستادا و پاش دەسبەسەرداگرتنی پارێزگای دەرعا لە باشووری سووریە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دژبەری دەوڵەتی ئەسەدەوە، دەمێشق لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر لە ڕووخانەوە نزیک بووەتەوە.

ئەم هێزانە ڕایانگەیاندووە کە ئامانجیان چوونە نێو دەمێشق و ڕووخاندنی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە.