کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر لە مەڵبەندی یەکی کوردستان

12:05 - 17 سەرماوەز 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەز بەبۆنەی ٢٥ی نوڤامبر و ١٦ ڕۆژی پرتەقاڵی بۆ بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە مەڵبەندی یەکی کوردستان و لە لایەن کۆمیتەی یەکیەتی ژنانەوە سێمینارێک بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

سێمینارەکە لە دوو پانێل پێکهاتبوو و لەلایەن خاتوو سیمین ڕۆحانیزادە بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتی ژنان لە مەڵبەندی یەکی کوردستان بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووان کرا.

لە پانێلی یەکەمدا شەهاب کاکە خزری چارەسەرکاری دەروونی بابەتێکی لەژێر ناوی “توندوتیژی و لێکەوتە دەروونییەکانی پێشکەش کرد.

ناوبراو بە وردی باسی لە لێکەوتەکان و کاریگەریی توندوتیژی بەرانبەر هەر مرۆڤێک کرد.

لە پانێلی دووهەمدا خاتوو فاتمە عوسمانی ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بابەتێکی لە ژێر ناوی بە یاساییکردنی تندوتیژی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە ئەو یاسا نەنووسراوانەی کرد کە لە کۆمەڵگادا هەن و دەبنە هۆی چەوساندنەوە و توندوتیژی دژی ژنان کە بە بەراورد لەەگەڵ یاسا نووسراوەکان مەترسیدارترن.

دواتر هەر لە چوارچێوەی بابەتە پێشکەشکراوەکان بەشداربووان بیر و ڕای خۆیان دەربڕی.

لە کۆتایی سێمینارەکەدا بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی پۆستەر و وێنەی ژنان و کچانی وەکوو: پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، زەینەب جەلالیان، سوعدا خەدیرزادە کە کە ئێستا لە زیندانەکانی ڕێژیمدان و لەلایەن ڕيژیمەوە توندوتیژیان بەرانبەر دەکرێ پشتیوانیی خۆیان لەو بەندکراوە ژنانە نیشان دا.