
هەواڵدەریی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر فرۆشی نەوتی ئێران لە ڕێگەی قاچاخەوە بە چین و دامەزراندنی تۆڕێکی پێچراوە بە مەبەستی خۆلادان لە گەمارۆکانی ئەمریکا.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە وڵاتی چین سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییەوە یەک بەرمیل نەوتی بەشێوەی فەرمی لە ئێرانەوە هاوردە نەکردووە، بەڵام ١٣ لەسەدی نەوتی پێویستی خۆی لە ڕێگەی نەوتی قاچاخی ئێرانەوە دابین کردووە.
بلومبێرگ بەپێی وێنە ئاسمانییەکان لە نەوتکێشە نایاساییەکانی تاران و پێکەن لە ٥ ساڵی ڕابردوودا بۆی دەرکەوتووە کە هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر فرۆشی نەوتی ئێران، هاتووچۆی ئەم کەشتییانە ڕۆژانە زیاتری کردووە.
ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، ٣٥٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێران بە کەمترین نرخ بۆ چین قاچاخ کراوە کە بە داشکاندنێکی یەکجار زۆر ٢٠ میلیارد دۆلار داهاتی بۆ کۆماری ئیسلامی هەبووە.
هاوکات هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم داتایانە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دەوڵەتی داهاتووی دۆناڵد ترامپ گوشارە زۆرینەکانی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، تا ڕادەیەکی بەرچاو پێش بەم داهاتە نەوتییانەی تاران دەگرێت.
مایک واڵز، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە دەیهەوێت داهاتە نەوتییەکانی ئێران ببڕێت یان تا ڕادەیەکی بەرچاو کەمی بکاتەوە تاکوو کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر شەڕی ئۆکراین و غەززە هەبێت.
هەروەها بلومبێرگیش ئاماژەی بەوە داوە کە بە هاتنەسەرکاری دووبارەی ترامپ، ئەو کۆمپانیا چینیانەی کە یارمەتیدەری هەناردەکردنی نەوتی ئێرانن سزا بدرێن و بەم بۆنەوە کۆماری ئیسلامی بکەوێتە ژێر گوشارێکی زیاترەوە.
ئەم هەواڵدەرییە ئەمریکاییە لەسەر ئەو بڕوایە کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی بە سیستمی قاچاخی نەوتەوە هەیە و لە ئەگەری تێکدانی ئەم سیستمە مانەوەی ڕێژیمی تاران دەخاتە ژێر مەترسییەوە.