کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕێدانی تۆپەکە ئەوەندەش ئاسان نییە

17:43 - 17 سەرماوەز 2724

فڕێدانی تۆپەکە ئەوەندەش ئاسان نییە

دارسمە

ئەوەندەی خۆڵ لەسەر گۆڕی برایمۆکەیە، سەد ئەوەندە تەمەنی تۆی خوێنەر درێـــــژ بێت. بەر لە دەست‌پێکردنی ئەم چەند دێڕەی خوارەوە، پێم‌خۆشە باسی هۆی داخوازیی تەمەن‌درێژیی جەنابت بکەم.

دەگەڵ تۆمە، تۆی ئەم دێڕانە دەخوێنیەوە. دیارە لەم دواییانەدا لەو کاتەوە ڕووبەری موبایلان پانتر بووەتەوە و ئەم ڕووبەرەش به‌هۆی توڕی ئینترنێتەوە سەری مار و مێرووی تێدا دیارە، ژمارەی خوێنەر هەروا دێت و بچووک‌تر دەبێتەوە. لەبەر ئەمەیە پێمخۆشە تەمەنی تۆ، ئەو تۆیەی خۆت داوەتە بەر خوێندنەوەی وتار و کتێبانەوە، درێژ بێتەوە. ئاواتە‌خوازم تەمەنت وەک تەمەنی پێغەمبەر نووحی بەسەر بێت.

ئەرێ لەمەیان ئاگاداری، ئەوانەی بەرانبەر بە ڕووبەری ئەم موبایلۆکە پانانەوە پەل دەبنەوە و پێدەکەن، بەشی هەرە زۆری ژیانیان دەگەڵ ژیانی بووکەڵە و مووکەڵان تێکەڵ دەبێت؟

دیسان دەگەڵ تۆمە، ئەو تۆیەی کاتی پڕبایەخی خۆت بۆ خوێندنەوەی ئەم چەند دێڕانە تەرخان دەکەی، بڕوا بکە نامهەوێت لە خۆم بفشم و بڵێم خوێندنەوەی ئەم دێڕانە لە چاولێکردنی ڕووبەری ئەم موبایلە پانکەڵانە چاترە. بەڵام لێرەوە هەوڵ‌ دەدەم شتی خۆش خۆش بگێڕمەوە. خۆ خوای نەخواسته ناڵێم من لەم موبایل و شتە زاناترم، بەڵام هەندێک شت دەبینم ڕەنگە لەوێدا نەیبینی یان هەمووی لەوێدا نەبێت.

ئەم یەک دوو ڕۆژە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی هەر لەم موبایلۆکانەوە دیتم کوڕیژگەیەک تۆپێکی بە دەستەوەیە و دەمی دەگەڵ دەبزێوێت. کاتێک دەنگی موبایلەکەم زیاد کرد و گوێم دایە کوڕەی تەمەن هەشت‌نۆدەساڵی، چ ببینم؟ شتێکم دیت دوژمنی بابەکوشتەتان نەیبینێت. تەماشا دەکەم ئەوە نەوەی ئیبراهیم ڕەئیسیی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێرانە و دەیهەوێت ئەو تۆپەی بەدەستییەوەیە بیفرۆشێت، ئەوکاتە هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا و لەبەرخۆمەوە گوتم بە مردنی ئەم برایمۆکە نەوەکەشی هەتیو بووەتەوە و خەریکە بۆ دابین‌کردنی پێداویستیی خۆی ئەم تۆپە دەفرۆشێت. بەڵام کاتێک لێی ورد بوومەوە، تەماشە دەکەم کوڕە بە فارسی قسە دەکات و دەڵێت ئەم تۆپە "جییانی ئینفاتینیۆ"ی سەرۆکی "فیفا" لە کاتی چاوپێکەوتن دەگەڵ بابەگەورەم لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە باوە گەورەمی داوە و ئێستا من دەمهەوێت بیفرۆشم و پارەکەی بە منداڵانی غەززە و لوبنان بگات. کوڕیژگەکە هەر لەم گرتە ڤیدیۆیەدا داوا لە هاووڵاتیانی ئێران دەکات لەم کارە خێرەدا بەشدار بن.

پیاو چی بڵێت؟ لێرە مەبەستم لە مرۆڤی نێرینە نیە و خوا بەو ڕۆژە نەکات خۆ لە سەردەمی بەرنگاربوونەوەی توندی وتیژی دژ بە ژناندا خوا غەزەبی لێم نەگرتووە، حیسابێک بۆ ژنان نەکەم. لێرەدا لە ئێدیۆمی "پیاو چی بڵێت"دا مەبەست مرۆڤە نەک پیاو. خۆ ژنان خۆشیان هەر ئەوا دەڵێن.

ئەم کەوانەیەی سەبارەت بە پێشێل‌کردنی جیاوازیی نێوان ژن و پیاو دادەخەم و دەچمەوە سەر بابەتی تۆپەکە.

لە کاتێکدا نەوەی برایم ڕەئیسی باس لە فرۆشتنی ئەم تۆپە دەکات، پیاو نازانێت چی بڵێت.

لەلایەک مەسعوود پزیشکیان ئەو پیاوەی سەرۆک‌کۆمارە و جێگەی باپیرەی ئەم کوڕە تۆپ‌فرۆشەی گرتووەتەوە، دەڵێت بارودۆخمان خراپە و کاک "ناسر هیممەتیی" وەزیری ئابووریش خەریکە نان و سووتەمەنی و کارەبا گران دەکات دەڵێت ڕەنگە چی‌دیکە پارەی یارانەمان پێ نەدرێت و دۆلاری ئەمریکاش نرخی لە ٧ تومەنەکەی سەردەمی شای گۆڕبەگۆڕەوە هەتا ئێستا بووەتە "حەفتاو یەک هەزار و چەند سەد تومەن" و نەوەی برایم ڕەئیسیش داوای هاوکاری دەکات، پیاو نازانێت چی بڵێت. کاتێک بیر لە تۆپەکەش دەکەیەوە، دەکەوییە بیری قووڵی پێوەندیی نێوان تۆپێن و سیاسەت و ئەم کابرایەی "یەکیەتیی تۆپی پێی نێونەتەوەیی" و دەڵێی تۆ بڵێی ئەم

جییانی ئینفاتینییە سەرۆکی "فیفا" واتە "یەکیەتیی تۆپی پێی نێونەتەوەیی"یە و ڕەنگە ئەم گومانە دروست بێت بۆچی ئەم کابرایەی نێو سیاسەت و وەرزشی تۆپی پێ ویستوویەتی بە هۆی برایم ڕەئیسییەوە تۆپەکە باوێتە نێو ئێران. ئەوکاتەش پیاو نازانێت چی بڵێت.

ئەم کوڕیژگە منداڵەی خەریکە تۆپەکە دەفرۆشێت، بۆ ئەمە دەبێت هەڵوێستەیەکی بۆ بکرێت. تۆ بڵێی ئەم کوڕە ئەوەندە هەژار بێت، نەتوانێت بڕە پارەیەکی بەرچاو بخاتە سندووقی یارەمەتی بۆ منداڵانی غەززە و لوبنانەوە؟ تۆ بڵێی وەک کاکە ناسر هیمەتیی وەزیری ئابووری دەڵێت، سەرچاوەی داهاتی خەڵک ئەوەندە بێ‌هێز بووبێت نەتوانن لە پێڤاژۆی تۆپەکەدا بەشدار بین؟ ئەدی بڵێی تۆپە هینەکە لە لوبنان و سووریە و عێراق دابمێنێتەوە یان ئەویش بە تەواوی بخەنەوە نێو خاکی ئێران؟

بۆیە ناچارین لە بەزمی پێدانی ئەم تۆپە لە لایەن سەرۆکی فیفاوە بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی دڕدۆنگ بین. ئێمەی دوور لە سیاسەت و میاسەت، هیچ سەر لەم بەزم و ڕەزمە دەرناکەین و نازانین ئەم تۆپە بۆ کەوتووەتە ئێران و لەوێش لە جیات ئەوەی لە نووسینگەی سەرۆک‌کۆماری یان لەمووزەخانە ئێران ڕابگیرێت، کەوتووەتە دەست ئەو منداڵە و ئەویش گەمەی پێدەکات؟

دیارە ئەم منداڵەش ئاغازادەیە و ئاغازدان لە ئێران کەمتر بە سیاستەوە ماندوون و خەریکی هینی دیکە دەبن.

دیسانیش لە نێو سەرسوڕماندا تەنیا دەتوانین بڵێین "پیاو نازانێت چی بڵێت"