کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید خەلیل مەحموودی)

17:53 - 17 سەرماوەز 2724

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید خەلیل مەحموودی)

برایم چووکەڵی

 

"ناوی لە کۆسارێک دەچێ، فێری زمانی چۆم ببێ
ھەورێکە تا دەربەندی مانگ، دەست و دڵی بارانییە‌"

مێژووی‌ مرۆڤایه‌تی‌ پڕه‌ له‌ ناوی‌ مه‌زنی‌ ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌ورانه‌ی‌ تاسه‌باری‌ ئازادی‌ بوون و ژیانیان به‌بێ‌ ئازادی‌ نه‌ویستوه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ تێگه‌یشتن له‌و ڕاستیه‌ی‌ "كه‌ مرۆڤ شیاوی‌ ژیانێكی‌ ئازاد و سه‌ربه‌سته ‌و ژینی‌ دیلێتی‌ مه‌رگێكی‌ به جوڵه‌یه‌" ڕاپه‌ڕیون له‌ پێناو وه‌دیهێنانی‌ ئه‌م ئامانجه‌ پیرۆزەدا. دیاره‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ی‌ بۆ وه‌دیهێانی‌ ئازادی‌ و خه‌ونه‌ سه‌وزه‌كانی‌ مرۆڤ خه‌باتیان كردوه‌ بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ له‌ وانه‌یه‌ خۆیان هیچ كات به‌روبوومی ئه‌م داره‌ پیرۆزه‌یان به‌ قسمه‌ت نه‌بێت كه‌چی‌ دیسانیش به‌ تین وگوڕتر له‌ جاران ڕێگه‌ی‌ سه‌خت و پڕ له‌ كه‌ندو له‌ندوو هه‌ڵدێر و گه‌وه‌یان بڕیوه‌، چونكی‌ ئه‌م مرۆڤانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ڕانه‌په‌ڕیوون خۆیان وه‌ك تاكه‌ كه‌س ئازاد بكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وان به‌ مه‌به‌ستی‌ ئازاد كردنی‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ بنده‌ست و چه‌وساوه‌كه‌یان ڕێگه‌ی‌ خه‌بات و به‌رخۆدانیان گرتۆته‌ پێش و ئیمانیان به‌و ڕاستییه‌ هێناوه‌ كه‌ ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی‌ شكاندوویانه‌ كوێر نابێته‌وه ‌و ده‌بێته‌ ڕێبازێكی‌ پیرۆز بۆ نه‌وه‌ی‌ داهاتوو. ئازادی‌ له‌ فه‌لسه‌فه ‌و ڕوانگه‌ی‌ ئه‌و مه‌زنه‌ مرۆڤانه‌وه‌، گه‌لێك واته‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ خه‌بات خۆی‌ به‌شێكه‌ له‌ ئازادی‌ و واتایه‌كی‌ قووڵه‌ له‌ ژیان. یەک لەو مرۆڤە مەزنانە شەهید خەلیل مەحموودی بوو.

خەلیل مەحموودی ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە ئاوایی قوڵدەرەی سەروو لە ناوچەی هەوشار لەدایک بوو. ژیانی‌ منداڵی‌ خەلیل جیا له‌ ژیانی‌ منداڵانی‌ نازلـێ‌شێواوی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌بووه‌ و به‌هۆی‌ هەلومەرجی ژیانی ئەو کات له‌ ئاوایی‌یه‌كه‌یان ده‌رگای‌ خوێندنگا زوو بەسەریدا داخرا.

هه‌ر له‌ته‌مه‌نی‌ منداڵییه‌وه‌ ده‌ستی‌ كرد به‌ كار‌ و كاسبی ‌‌و‌ كرێكاری‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ قوورسایی لەسەر ژیانی‌ هه‌ژاری‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی هەڵبگرێ.‌ هه‌رچی‌ گه‌وره‌تر ده‌بوو ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ قورستر ده‌بوو. شانی‌ دا به‌ كاری‌ وه‌رزێری ‌‌و به‌ درێژایی‌ ڕۆژ ئاره‌قه‌ی‌ ده‌ڕشت. ئه‌و ژیانه‌ پڕ له‌ چه‌رمه‌سه‌ر‌ییه‌ وای‌ كرد خەلیل زیاتر هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ بكا‌ و هه‌وڵی‌ خۆ ڕزگار كردن له‌م مه‌ینه‌تییه‌ بكه‌وێته‌ نێو مێشكییه‌وه‌. به‌تایبه‌تی‌ كاتێ‌ زوڵم‌ و زۆریی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ دوو ڕێژیمی پاشایەتی و كۆماری‌ ئیسلامی ‌‌و ئه‌و جیاوازییه‌ی‌ نیسبه‌ت به‌ گه‌له‌ بێ‌به‌شه‌كه‌ی‌ به ‌چاوی‌ خۆی‌ ده‌یدیت، ڕق ‌و قینێكی‌ پیرۆز ده‌روونی‌ هه‌ڵده‌قرچاند.

خەلیل له‌ سه‌ره‌تاكانی‌ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێراندا هاته‌ نێو ڕیزی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكڕات ‌و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌‌. له‌و ساڵانه‌دا هێرشی‌ جینایه‌تكارانی‌ ڕێژیمی ئیسلامیی‌ ئێران بۆ كوشتن و قه‌ڵاچۆی‌ شار و گونده‌كانی‌ كوردستان له‌و په‌ڕی‌ خۆیدا بوو. ئه‌و جه‌نایه‌تكارانه‌ی‌ گڕی‌ به‌ لرفه‌ی‌ قین‌وڕقیان ته‌نیا به‌ خوێنی‌ كورد داده‌مركایەوه‌ هه‌ر ڕۆژه ‌و هه‌ر سه‌عاته‌ی‌ له‌ ئاواییه‌ك و له‌ شه‌قامی‌ شارێك یا قوژبنی‌ ماڵ ‌و كۆڵانێك سینگی‌ گه‌نج و پیرانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردیان كون‌كون ده‌كرد، خەلیلی پێشمه‌رگه‌ دژی‌ ئه‌و سته‌م وبێدادیانه‌ ڕاپه‌ڕی‌بوو. ئه‌و ده‌یزانی‌ وه‌ك  مرۆڤێك ئه‌ركی‌ سه‌ر شانیەتی‌ له‌ به‌رانبه‌ر دوژمنه‌ داگیركه‌ر و جینایه‌تكاره‌كانی‌ كوردستاندا نابێ‌ بێ‌ده‌نگ بێ‌ و ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دابنێ‌. بۆیە لە زۆر شەڕی ناوچەی هەوشار و تیکابدا بەشداریی چالاکانەی کرد و ئازایەتییەکەی بوو بە هۆی ئەوەی وەک سەرپەل و پاشان وەک فەرماندەری لک دیاری بکرێ.

شه‌هید خەلیل له‌ ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ خه‌باتگێڕی‌ و تێكۆشانی‌ خۆێدا گه‌لێك قاره‌مانه‌تی‌ بۆ حیزب‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ تۆمار کرد. له‌ زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌ حه‌ماسییه‌كانی‌ ناوچه‌دا به‌شداریی‌ چالاكانه‌ی‌ كردوه‌ و داستانی‌ حه‌ماسه ‌و بوێریی‌ بۆ مێژوویی‌ حیزب‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ تۆمار كردوه‌. شه‌ڕه‌كانی‌ تیکاب، نێو شاری‌ ساینقەڵا، کوچەتەڵا،  شاهیدی‌ ئازایه‌تیی‌ ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ر به‌رزه‌ن. لەهەر ناوچەیەکی هەوشار شەڕ بوایە و خەلیل مەحموودی حزووری بوایە، شکستی دوژمن حەتمی بوو و جێگا پەنجەی تا کاتی شەهید‌بوونی لە هەموو شەڕەکانی ئەو مەڵبەندە‌دا لە دڵ ‌و بیری خەڵكی ناوچە‌دا ماوەتەوە. لە شەڕی کانی‌سپیی سەروو کە لە کاتژمێر پێنجی بەیانی تا چواری ئێوارە بەردەوام بوو، دوژمن بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس ئاوایی دەکوتا و خەلیل یەکێک لەو کوڕانە بوو کە لە تێکشکاندنی دوژمن بەرەوڕووی ئاوایی کانی‌سپی‌ بە تەواوی ڕۆڵی بەر چاوی هەبوو. هەروەها شەڕەکانی نێو شاری ساینقەڵا هەموو به‌ڵگه‌یه‌كی‌ زیندوون بۆ ئازایه‌تیی‌ ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ نه‌مره‌.

حەوتەمین ڕۆژی بەهاری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بوو. تازە خۆر بە تینی خۆی بەربەرە بەفری شاخەکانی دەتواندەوە و سەوزەگیای بەهار و سروشتی جوانی کوردستان لە خەوی زستانە ڕاست ببوونەوە. شنەی شەماڵ بەئەسپایی مزگێنیی هاتنی بەهار و زیندووبوونەوەی دێنا، هەموو کەس خوشحاڵ بوو لەوەی زستانی ساردیان سەرەڕای بێدەرەتانی ڕابرد و بەهاریان لێ داهاتەوە. وەرزێکی دیکەی تێکۆشان و چالاکیی خەڵک و هێزی پێشمەرگە دەستی پێ کردبوو. خەڵک لە نوێژی عەسر گەرابوونەوە‌ و پۆل‌پۆل لە بن گوێسوانەی هۆدەی ماڵان دانیشتبوون و خۆیان لەبەر تینی گەرمای خۆر هەڵ‌خستبوو. سەعات ٥ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ -٧ی خاکەلێوەی ١٣٦٥ی هەتاوی- لە ئاوایی حەسەناوا چەند پێشمەرگە لەگەڵ خەلیل لە ماڵێکدا دەبن کە لە پڕ هەواڵی هاتنی هێزی داگیرکەری کۆماری ئیسلامییان پێ دەدەن. کاتێک خاوەن ماڵ ویستی لە دەرگای ماڵێ بچێتە دەرەوە، کەوتە بەر دەسرێژی جاش ‌و پاسدارو کوژرا. پاشان شەرێکی دەستەویەخە لە ئاوایی حەسەناوا دەستی پێ کرد. ئەگەرچی ژمارەی پێشمەرگەکان تەنیا ٨ کەس بوون، بەڵام وەک هەمیشە لەبەرانبەر هیزی کۆنەپەرەستیدا ڕاوەستان ‌و ئامادە بوون بە خوێنی خۆیان لاپەرەکانی سەروەریی هێزی پیشمەرگەی دیموکرات بنووسنەوە. خوێنبایی ئەو مێژووە پڕ سەروەرییەش گیانی پاکی خەلیلی مەحموودی بوو کە دوای دوو سەعات شەڕ و خۆڕاگری شەهید بوو.

 

 

 

.