
زیاتر لە ١٤٠ ڕۆژنامەوانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش لە ڕۆژی هەینی ١٦ی سەرماوەزدا، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای حیجاب و عیفاف دەربڕی و ئەمەیان ناتەبا لەگەڵ کەرامەتی ئینسانی زانی.
واژۆکەرانی ئەم یاسایە، سەبارەت بە پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییان، لەوانە مافە کۆمەڵایەتییەکان، هەرێمی تایبەتی و ئازادییە بنەڕەتییەکان، بە جێبەجێکرانی گەڵاڵەی ناسراو بە "حیجاب و عیفاف" هۆشدارییان دا.
نووسەرانی ئەم بەیاننەمە هاوبەشە بە ئاماژەدان بە بەشەکانی پێوەندیدار بە "دیاریکردنی سزاکان" ئەمەیان ناتەبا لەگەڵ پرەنسیپە یاساییەکانی وەک "هاوسەنگیی تاوان و سزا، پڕەنسیپی بێتاوانبوون، کەرامەتی مرۆیی و هەڵوەشانەوەی هەڵاواردن" زانی.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە یاسای حیجاب و عیفاف لە دژایەتی لەگەڵ بەندی ٢١ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمدایە و پەسەندکراوی ئەم دوواییانە لەگەڵ ئەسڵی هەڵوەشانەوەی هەڵاواردن و پشتیوانی لە گرووپە لاوازەکان لە دژایەتیدایە.
واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە یاسای حیجاب و عیفافیان، وەکوو بەستێنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و خەسارگەیاندن بە کەرامەتی ئینسانیی ژنان و منداڵان زانیوە.
ئەم ڕۆژنامەوانانە وێڕای ئاماژە بە نامرۆڤابوونی ئەم یاسایە و هۆشداردان سەبارەت بە نەبوونی توانایی لەلایەن کۆمەڵگەوە بۆ تەحەمولی گوشاری زیاتر، ڕایانگەیاند کە جێبەجێکرانی ئەم یاسایە نە تەنیا کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو دەبێتە هۆی گەورەبوونەوەی قەیرانەکانیش.