کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی دوو هاوپەیمانیی سیاسیی ئێران بۆ مەحکوومکردنی یاسای حیجاب و عیفاف

18:05 - 17 سەرماوەز 2724

دوو هاوپەیمانیی سیاسیی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ" و "هاوپەیمانی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، پەسەندکردنی گەڵاڵەی حیجاب و عیفافیان مەحکووم کردووە و ڕایانگەیاندووە کە بە هەموو هێزەوە دژایەتیی لەگەڵ دەکەن.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە گەڵاڵەی حیجاب و عێفاف پاش هێنان و بردنێکی زۆر لە نێوان مەجلیس و شۆڕای نیگەهبان و بە وتەی بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیم لە ٢٣ی سەرماوەزدا ڕادەگەیەنرێت، ڕاگەیاندنی ئەم یاسایە جارێکی دیکە نیشانی دەدات کە ئەم ڕێژیمە تا چ ئاستێک هەوڵ دەدات یاسا سەدە نێوەڕاستییەکان بەسەر ژنان و کۆمەڵگەی ئێراندا بسەپێنێت.

ئەم دوو هاوپەیمانەتییە سیاسییە ڕایانگەیاندووە کە پەسەندکردنی ئەم یاسایە پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە بزووتنەوەی ژینا کە ڕاگەیاندنی دژایەتیی کۆمەڵگە لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ و بە سووک سەیرکردن و سەرکوتی ژنان بووە، ئیزن بە هێزەکانی ڕێژیم دەدات کە پەرە بە دۆخی ترس و دڵەڕاوکێ و دەسبەسەرکران و سەرکوتی ناڕازییان پێ بدەن.

ڕێژیم لە هەوڵدایە تاکوو لە ڕێگەی جیاوازەوە دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینا بگەڕێنێتەوە دواوە و سەرەڕای سەرکوتی سیاسیی کاتیی بزووتنەوەی ١٤٠١ و دژایەتی لەگەڵ درێژەی ناڕەزایەتییکانی سەر شەقام، نەیتوانی ژنان ناچار بە لەبەرچاوگرتنی دووبارەی حیجاب بکات و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم یاسایە گەڕاندنەوەی دۆخەکە بۆ پێش ١٤٠١ە.

لەکاتێکدا کە کۆمەڵگە بە هۆی قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان تەنگی پێ هەڵچنراوە و هەوڵ بۆ ڕزگاری لە ڕێژیم و گەیشتن بە ئازادی دەدات، ڕێژیمی دیکتاتۆری مەزهەبی بە سەپاندنی یاسای حیجاب و عیفاف لە هەوڵدایە بۆ سەرکوتی خەڵک و دژایەتی لەگەڵیان، کەشی کۆمەڵگە تووشی ترس و سەرکوت بکات.

ئەم دوو هاوپەیمانییە سیاسییە هەروەها داڕشتنی ئەم یاسایەیان بە نیشانەی شکستی سیاسەتی حیجابی زۆرەملێی ڕێژیم زانیوە کە ڕێژیم لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە شێوەی جیاواز هەوڵی بۆ داوە.

حکوومەتی دینی لە ئێراندا لە هەوڵدایە تاکوو بە هەر شێوەیەک کە دەلوێ بیری کۆنەپەرستانی خۆی بسەپێنێ. ڕێژیمێک کە بە هەموو هێزەوە هەوڵی دا بە زۆر بزووتنەوەی ژینا سەرکوت بکات و ئێستاش بەدەستی خۆی بەستێنی سەرهەڵدانێکی بەربڵاوتر و گشتیتر ئامادە دەکات.

ئەگەر حکوومەتی کۆنەپرستانە و سەرکوتکەر خەریکی ئامادەکاری بۆ هێرش کردنەسەر دەسکەوتەکانی خەباتی خەڵکە، هەموو ڕێکخراو و حیزبە دێموکراتیک و چەپەکانی ئۆپۆزسیۆن و هەموو خەباتکاران ئەرکدارن کە ڕێگای ڕزگاری و گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی بپێون تاکوو بتوانن بە جیددی و سازماندراو لەگەڵ ئەم حکوومەتە و بۆ ڕزگاریی خەڵکانی ئێران  تێبکۆشن.

ئەم دوو هاوپەیمانییە سیاسییە لە درێژەدا ڕایانگەیاندووە کە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ژنان و پیاوانی ئەم وڵاتە، ئەم یاسایە قەبووڵ ناکەن و دژایەتیی لەگەڵ دەکەن.

لە کۆتاییدا هاتووە کە ڕێژیمی ئیسلامی بە پێداگری لەسەر سیاسەتەکانی خۆی، بێزاری و ڕقی خەڵک لە خۆی زیاتر دەکاتەوە و دوور نییە کە خەڵکانی ئێران ئەم ڕێژیمە تێک بشکێنن و بە ئازادی، یەکسانی و دێموکراسی بگەن.