ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەز دایە پیرۆز کەریمی، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا لە بانە کۆچی دوایی کرد.
دایە پیرۆز کچی بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و ناسراوی شاری بانە و خوشکی شەهید جەلال کەریمی ناسراو بە شەهید جەلال کەبابچی و خوشکی تێکۆشەری دێرینی حیزب کاک محەممەد کەریمی ناسراو بە حەمەچکۆل و هەروەها کاک کەریم کەریمی زیندانیی سیاسی بوو کە چەندین جار بەهۆی پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات زیندانی و ئەشکەنجە درابوو.
هەروەها دایکی شەهید نازەنین ڕەحیمی بوو. شەهید نازەنین لە سەرەتای شۆڕشدا وێڕای هاوسەرەکەی پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە بوو کە دواتر بۆ ناوخۆ گەڕانەوە و بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕێژێمی ڕووخاوی بەعس بۆ سەر شاری بانە شەهید بوو.
برازایەکی ناوبراو بەناوی شەهید حەمەحسەین کەریمی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو کە دوای بەدیلگیرانی لە لایەن ڕێژێمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامییەوە ئێعدام کرا.
بەگشتی دایە پیرۆز وێڕای ئەوەی خاوەنی چەندین شەهید بوو، وەک شێرەژنێکی تێکۆشەر و وەفادار بە کەسوکارە شۆڕشگێرەکەی لە پاراستن و خزمەتی ژن و منداڵی شەهیدەکانی و خەمخۆری بنەماڵەی شۆڕشگێران لە هیچ چەشنە فیداکارییەک دریغی نەکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.