کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد کۆتایی پێ هات

10:09 - 18 سەرماوەز 2724

پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئەسەد پاش کەمتر لە دوو حەفتە  بە ئاکام گەیشت و دیکتاتۆرییەتی ئەسەد کۆتایی پێ هات.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز چەکدارانی دژبەری ئەسەد پاش دەسبەسەرداگرتنی حەڵەب، حەما، حۆمس و دەرعا چوونە نێو شاری دەمێشقەوە و کۆنتڕۆڵی شارەکەیان بە دەستەوە گرت و کۆتاییان بە دەسەڵاتی پەنجا و سێ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان دیکتاتۆر پشتیوانیکراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێش گەیشتنی دژبەرانی خۆی دەمێشقی بەجێ هێشتبوو.

بەشار ئەسەد بەهۆی پشتیوانییەکانی تاران لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا بەتایبەتی لە پاش ساڵی ٢٠١١ی زایینی و لەدوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی توانی بە سەرکوت و لەنێوبردنی دژبەرانی خۆی و هەروەها خولقاندنی تاوانگەلێکی بێئەژمار، دەوڵەتەکەی ڕابگرێت.

پاراستنی ڕێژیمی ئەسەد بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگییەکی تایبەتی هەبوو، تاران ساڵانێکە سووریەی کردووەتە کۆریدۆری ڕاگواستنی چەکوچۆڵ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و میلیشیاکانی دیکە تاکوو سیاسەتە شەرئەنگێزییەکانی لە ناوچەکە بەڕێوە ببات.