ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ۱٤۰۳، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی خاتوو سەیدزادە ئامین عەبدوڵڵازادە، کچی سەید کەریم، خەڵکی گوندی کۆنەلاجانی پیراشار لە تەمەنی ٥۷ ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
سەیزادە ئامین کە خۆی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر شەهیدپەرەوەرە، هەر لە مناڵیەوە لەگەڵ ڕێبازی کوردایەتی ئاشنا دەبێ و هەر بۆیە لە تەمەنی لاویدا ئەو کاتەی کە حیزب لە گوندی کۆنەلاجان دەبێ، بەهۆی ئۆگری بە حیزب و پێشمەرگە، پەیوەست بە ڕیزەکانی یەکیەتی لاوان دەبێ و لەو کاتەوە دەست بە تێکۆشان و خەباتی سیاسی خۆی دەکات.
ناوبراو زۆر چالاکانە ئەرکەکانی بەڕێوە دەبات و جێی متمانە و بڕوای هاوڕێیانی بووە. دواتر لە ساڵی ١٣٦٢وە پەیوەست بە تەشکیلاتی نهێنی حیزب دێموکرات دەبێ، لەو کاتەوە زیاتر لە جاران بە ئاواتی ئازادی و سەربەستی نیشتمانی ئەرک و چالاکییەکانی لە نێوخۆی وڵات بەڕێوە دەبات.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای جەماوەردا لە گۆڕستانی کۆنەلاجان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.