١٨هاوکات لەگەڵ پێنجەمین ساڵوەگەڕی تەقەی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران لە فڕۆکەی ئۆکراینی و کوژرانی ١٧٦ کەس، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەوروبەری گۆڕستانی "شاناز" لە سەقز جێگیر کران تاکوو پێش بە ئامادەبوونی کەسوکاری یەکێک لەو بنەماڵانەی کە لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەست دا و لەوێ نێژراون و هەروەها هەر چەشنە کۆبوونەوەیەکی دیکە بگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، هێزی نیزامیی زۆر، لەوانە ماشینی هێزە ئینتیزامییەکان و لیباس شەخسییەکان لە دەوروبەری گۆڕستانی شاناز و شەقام و گەڕەکەکانی دەوروبەر جێگیر کراون تا پێش بە هەر چەشنە کۆبوونەوەیەکی بنەماڵەی ئەم قوربانییانە و خەڵک بگرن.
ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە بە دەستی ''کوردپا'' گەیشتوون، جێگیربوونی بەرچاوی هێزە نیزامییەکان لە دەوروبەری گۆڕستانی "شاناز" نیشان دەدەن.
ساڵی ڕابردووش وێڕای جێگیرکران و گەمارۆدانی ئەم گۆڕستانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، بنەماڵەی ڕەحیمی پاش ئامادەبوون لەسەر مەزاری منداڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بێڕێزییان پێ کرا.
هێزە لیباس شەخسییەکان بەم بنەماڵەیان وتبوو: "کوژراون با کوژرابێتن، مافی ئەوەتان نییە پووستێر دابنێن، مافی ئەوەتان نییە بڵیندگۆ دابنێن، جگە لە قورئان مافتان نییە هیچ شتێک بخوێنن.''
"ڕزگار ڕەحیمی"، خەڵکی سەقز، هاوسەرەکەی "فەریدەغوڵامی" خەڵكی شاباد و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان "ژیوان"، لەگەڵ کۆرپەڵەیەکی چەند مانگەی فەریدە غوڵامی، یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بوون کە پێنج ساڵ پێش ئێستا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە خرایە خوارەوە.
فڕینی ژمارە ٧٥٢ی فڕۆکەی نێودەوڵەتیی ئۆکراینی، کە لە ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨دا کرایە ئامانجی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران و هەموو ١٧٦ سەرنشینەکەی کوژران کە لانیکەم ١٣٩ کەسیان هاووڵاتییانی ئێرانی بوون. چەند بنەماڵەی کورد لەوانە بنەماڵەی ڕەحیمی لە کوژراوانی ئەم ڕووداوەن.